ڕوودانی بوومەلەرزە لە شارستانی خۆی
یەکشەممە ۰۹-۱۱-۱۴۰۱   |  29-01-2023
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ئەنجامی ڕووداوی کەوتنەوەی بوومەلەرزە لە شارستانی خۆی، بە سەدان کەس بریندار بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥ و ٩ دەهۆمی ریختێر بە قووڵای حەوت کیلومێتر لە زەوی، شارستانی خۆی لەرزاند و بە هۆیەوە زەرەر و زیانێکی زۆری لێکەوتەوە. بەپێی دوایین هەواڵەکان سەبارەت بەم بوومەلەرزەیە، سێ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٦٦٥ کەسیش بریندار بوون. شایانی باسە، زۆرترین زیان وەبەر گوندی “ئیوائۆغڵی” کەوتووە بە جۆرێک کە هەندی لە ماڵەکان بە تەواوی ڕووخاون. هەروەها بە هۆی ئەم بوومەلەرزەیە، کارەبای بەشێک لە شارستانی خۆی پچڕاوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهێزی ئەم بوومەلەرزەیە بە ڕادەیەک بووە کە لە ورمێ و چەند شاری دیکەی پارێزگای ئازەربایجانی غەربی هەستی پێ کراوە.