بە هەزاران کەس لە خەڵکی شاری “تێلاڤیڤ” و چەند شاری دیکەی ئیسرائیل، شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە بۆ پشتیوانی لە دێمۆکڕاسی و دژبە دەوڵەتی نەتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە، بۆ سێهەمین حەفتەی بەردەوام هاتنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.
هەندێ لە هەواڵنێرییەکان ڕایانگەیاندووە کە ژمارەی خۆپیشاندەران لە شاری تێلاڤیڤی پایتەخت گەیشتووەتە ١٠٠ هەزار کەس. شایانی باسە، ناڕازییان خوازیاری ڕاگیرانی چاکسازی لە سیستمی دادپەروەرین کە دەوڵەتی ئیسرائیل بەڵێنی دابوو. بەپێی زانیارییەکان، دەوڵەتی ئیسرائیل گەڵاڵەی پێداچوونەوە بە سەر سیستمی دادپەروەری ڕادەستی پەرلەمانی ئەم وڵاتە کردووە و لە ئەگەری دەنگ پێدان بەم گەڵاڵەیە، پەرلەمان دەتوانێ بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای ئیسرائیل هەڵوەشێنێتەوە. خۆپیشاندەران ئەم هەوڵە بە ئاڕاستەی لەناو چوونی سەربەخۆیی دادپەروەری و لاوازکردنی ڕۆڵی ناوەندەکانی یاسایی لە ئیسرائیل دەزانن. جێگەی ئاماژەیە، بەشداربووانی ئەم خۆپیشاندانە بە نیشانەی رێزگرتن لە یادی قوربانیانی هێرشی تێرۆریستی لە ئورشەلیم، یەک دەقە بێدەنگیان ڕاگرت و پشتیوانییان لە بنەماڵەی قوربانییان کردووە.