ڕاپۆرتەکان باس لە ئێعدامی دوو بەندکراو لە زیندانەکانی ماکۆ و کەرەج دەکەن کە پێشتر سزای سێدارەیان بۆ دەرچوو بوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی مانگی ڕێبەندان، سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی “ئیسماعیل کەچەلانلوو” خەڵکی شاری شووت کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە زیندانی ناوەندیی شاری ماکۆ جێبەجێ کرا. جێگەی ئاماژەیە، ناوبراو نزیک سێ ساڵ و شەش مانگ لەمەوبەر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی ڕژیم بە ئێعدام مەحکووم کرا. هەروەها لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەندکراوێکی خەڵکی شاری ئیلام و دانیشتووی ئاوای زەردەڵانی هێلیلان بە ناوی “ڕەزا شوکری پوور شەفیعی” کە بە تۆمەتی بازەرگانی کردن بە مادە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕێبەندان لە زیندانی ناوەندی کەرەج لە سێدارە درا.