فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

فەرمانی “عەفوو”ی خامنەیی شێوازێکی تری سەرکوت
سێشەممە ۱۸-۱۱-۱۴۰۱   |  07-02-2023
فەرمانی "عەفوو"ی خامنەیی شێوازێکی تری سەرکوت

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا هەواڵنێریی کۆماری ئیسلامی دوای پێشنیاری سەرۆکی دەزگای قەزایی ڕژیم بە خامنەیی “سەبارەت بە ڕەزایەتدان بە عەفوو و کەمکردنەوەی سزای ژمارەیەکی بەرچاو لە تۆمەتباران و مەحکوومانی ڕووداوەکانی ئەم دوایانە و هەروەها مەحکوومانی دادگای عموومی و ئینقلاب و سازمانی قەزایی هێزە چەکدارەکان، خامنەیی ڕۆژی چوارشەممە چواردەی مانگی ڕێبەندان بەبۆنەی چل و چوارەمین ساڵی سەرکەوتنی ئیقلابی ئیسلامی و جێژنی موبارەکەی ڕەجەب لەگەڵ ئەم پێشنارە موافقەتی کردووە”. ئەم هەواڵنێرییە ڕایگەیاندووە کە “فەرمانی عەفووی گشتی دەرکراو لەلایەن ڕەهبەری ئینقلابەوە هەزاران کەس لە تۆمەتباران و مەحکوومان دەگرێتەوە”.

فەرمانی بەخشین و کەمکردنەوەی سزای ناڕازییان لەلایەن خامنەییەوە و جاڕ و جەنجاڵی تەبلیغاتییەک کە بۆیان وەڕێ خستووە بەپێچەوانەی ئیدیعاکانی پێشووی سەرانی حکوومەتی ئیسلامی کە بەرینایی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانیان کەم نیشان دەدا، بەر لە هەموو شتێک بەیانگەری ئەو حەقیقەتەیە کە ئاستی سەرکوتی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا یەکجار بەرین بووە. ئەگەرچی کاربەدەستانی ڕژیم هیچکات ئاماری دەستبەسەرکراوانی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیان ڕانەگەیاندووە بەڵام میدیا و ناوەندە سەربەخۆکان، ئاماری دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایانەیان نزیکەی ٢٠ هەزار کەس بەراورد کردووە.

فەرمانی “عەفوو”ی ڕیاکارانەی خامنەیی شێوازەێکی تری سەرکوتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی خەباتکار و ئازادیخوازی ئێرانە. محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ڕژیم لە وتەکانی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی مانگی ڕێبەنداندا وێڕای ئاماژە بە فەرمانی “عەفوو”ی خامنەیی دانی بەوە دانا کە ئامانجی خامنەیی ڕێگری لە “ئاژاوە و بشێویی سازمانداراو” یان لە ڕاستیدا سەرهەڵدانی شۆڕش لە ئێرانە. قالیباف وتی کە خامنەیی بەم تەگبیرەی “نەخشەی دوژمنان کە دەیانهەوێ لاوانی ناڕازی بکەنە ئاژاوەگێڕ، پووچەڵ کردەوە”. ئیرنا هەواڵنێریی ڕەسمیی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیش نووسیی: “فەرمانی لێبوردنی گشتی دەیان هەزار کەس “لە لاوان و تازەلاوانی دەستگیرکراو لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایانە، جەستەی بەرئەندازانی خستووەتە لەرزە”. بەم ئیعترافاتەی قالیباف و “ئیرنا” نابێ گومان لەوەدا بمێنێ کە ئەگەر ئامانجی سەرکوتی خوێناوی و کوشتاری ناڕازییان کۆتایی هێنان بەوە بێ کە سەرانی ڕژیم و شەخسی خامنەیی پێ دەڵێن ئاژاوە و ئیغتشاش، فەرمانی ڕیاکارانەی ئەم دوایانەی خامنەییش لەڕاستای هەر ئەم ئامانجەدایە.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی حکوومەت و بەپێی فەرمانی “عەفوو”ی خامنەیی ناڕازییانی دەستبەسەرکراو ئەگەر ئەم مەرجەیانەیان بێت عەفوویان بەر دەکەوێ: “سیخوڕی نەکردن بۆ دوژمنان، نەبوونی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەزگا زانیارییەکانی دەرەوە، ئەنجام نەدانی قەتڵ و جەرحی عەمدی، نەڕووخادنن و ئاگرتێبەرنەدانی دامەزراوەی دەوڵەتی و نیزامی و نەبوونی شاکی یان مودەعیی خسووسی” . وە بەوتەی سادق ڕەحیمی جێگری دەزگای قەزایی ڕژیم کەسانێک کە پەشیمانی دەرنەبڕن و بەڵێنی بەنووسراوە نەدەن “عەقوویان بەرناکەوێ”. دیاری کردنی ئەم مەرجانە بۆ عەفووی زیندانیانی سیاسی لە حاڵێکدایە کە زۆرێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایانە و مەحکوومان بە ئێعدام لە مانگ و حەفتەکانی ڕابردوودا لەژێر گوشاری ئەشکەنجەی وەحشیانەدا ناچار بە قەبووڵکردی تۆمەتی وەک “سیخوڕی کردن بۆ دژومنان و دەزگا ئەمنییەکانی دەرەوە، قەتڵ و جەرحی عەمدی” بوون. ئەمانە لە بارودۆخێکدایە کە دەستبەسەرکراوان و مەحکوومان بە زیندان و ئێعدام هیچکام لەو تۆمەتانەی کە کۆماری ئیسلامی بەسەریانیدا سەپاندووە ئەنجامیان نەداوە. کەوابوو قەبووڵکردنی ئەم تۆمەتانە لەژێر ئەشکەنجەدا هیچ ئیعتبارێکی نییە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا خوێنی زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە ناڕازییانی لەسەر شەقام و لە ئەشکەنجەخانەکانیدا کوشتووە و هەزاران کەسی بریندار و کەم ئەندام کردووە و هەزاران ناڕازیی بێدیفاعی کە سیلاحێکیان بێجگەلە هاواری مەرگ بۆ خامنەیی پێ نەبووە بە تاوانی ناڕەزایەتی دژبە جەنایاتی ڕژیم دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کردووە. کەوابوو ئەمە سەرانی کۆماری ئیسلامین کە بە تاوانی جەنایاتێک کە ئەنجامیان داوە دەبێ موحاکمە بکرێن و سزا بدرێن. فەرمانی “عەفوو”ی خامنەیی مانایەکی بێجگەلە گۆڕینی جێگای شاکی و تۆمەتبار نییە.

کرێکاران، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و خەباتکار!

فەرمانی “عەفوو”ی خامنەیی شێوازێکی تری سەرکوتە کە لە هاوسەنگیی تازەی هێزدا و لە ژێر گوشاری درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێوە و بەخاتری ڕەنگدانەوەی نێونەتەوەیی و بەئامانجی خامۆشکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئێوە دەریکردووە. لەئێستادا بەرپاکردنی بزووتنەویە سەرانسەری بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی گرینگتر لە هەموو کاتێکە. بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی ڕاپەڕن! هیچ کەس نابێ بەخاتری باوەڕ و چالاکیی سیاسی بخرێتە زیندانەوە. ئازادیی بیروباوەڕ و ئازادیی چالاکیی سیاسی مافی بێ ئەملاوئەولای هەموو تاکێکی کۆمەڵگەیە. بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەسەر شەقام و خۆپیشاندان و ڕێپێوان بەشێکی جیانەکراوە لە ئازادیی ڕادەربڕین. هەروەک مرۆڤی شیاوی ئازادی و بەرابەری، قورس و قایم و بێ راڕایی پێویستە بۆ دیفاع لە مافە ڕەواکانمان بە ناڕەزایەتیی شەقام پەیوەست بین! لە بەرامبەر دەستدرێژیی پۆلیسیی حکوومەتی جەنایەتکاراندا ڕاوەستن و دەنگی ناڕەزایەتی دژبە پێشێلکردنی ئەم مافە ڕەوا ئینسانییانە بەرز بکەنەوە. لێبڕاوانە پەیگیری چارەنووسی بەندکراوانی سیاسی بن و خوازیاری ئازادیی بێ شەرت و مەرجیان بن. لەئاست باروودۆخی زیندانەکان ناڕەزایەتی دەربڕن، لە بەرامبەر یاسای زەبر و زەنگی دەسەڵاتی جەنایەتکاراندا تەسلیم مەبن. لە بەرامبەر زیندانەکاندا کۆببنەوە و بە دەنگی ڕەساوە خوازیاری ئازادیی بەندکراوانی سیاسی بن. لە گەڕەک و کارخانە و زانکۆ و شەقام درووشمی “بەندکراوی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت” بەرز بکەنەوە.

تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co