بەهۆی تەقینەوەی نارنجۆکێکی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، هاووڵاتییەک بە ناوی “مۆحسین حسێنی” خەڵکی گوندی “قەڵاواری” سەر بە شاری سەرپۆل زەهاب، گیانی لەدەستدا.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕێبەندان، مۆحسین حوسێنی، تەمەن ٣٤ ساڵ بەهۆی تەقینەوە نارنجۆک لە ماڵەکەی گیانی لەدەستدا. شایانی باسە، ناوبراو ئەم نارنجۆکەی لە یەکێک لە ناوچە خاوێن نەکراوەکانی کاتی شەڕی ئێران و عێراق دۆزیوەتەوە و بۆ ماڵەوەی بردووەتەوە. شیاوی ئاماژە پێدانە، کە تەرمی ئەم هاووڵاتییە بۆ پزیشکی داد نێردراوە. پێویستە ئاماژە بکرێت، ساڵانە لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران، بەهۆی تەقینەوەی مین، نارنجۆک و گولە خومپارەی بەجێماوی کاتی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، بەدەیان هاووڵاتی دەبنە قوربانی. بە پشت بەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان، لە ساڵی ٢٠٢٢، لانیکەم ٣٦ هاووڵاتی لە سنوورەکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ بەهۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی بەجێماوی شەڕ بوونەتە قوربانی کە شەش کەسیان گیانیان لەدەست داوە.