لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا و لەگەڵ پەرەسەندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە ئێران، خوێندکارانی کچ لە مەدرەسەی هێندێک لە شارەکان لەوانە تاران، ئەردەبیل، ساری و بەتایبەت لە قۆم بەهۆی هەڵمژینی گازی سەمیەوە تووشی مەسموومیەت بوون. یەکەمین نموونە ٩ی مانگی سەرماوەز لە هونەرستانی کچانەی “یەزدان شار”ی قۆم ڕووی دا. لە ئیدامەدا ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی ڕێبەندان، ١١ خوێندکاری دیکە لە مەدرەسەکانی قۆم بە عەلایمی سووتانەوەی گەروو، سەرئێشە و حاڵەتی ئیستفراق تووشی کێشەی هەناسەدان بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کران. ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، جێگری زانکۆی علوومی پزیشکیی قۆم باسی لەوە کرد کە ١١٧ خوێندکاری دیکە لە ١٣ مەدرەسەی قۆم لەوانە مەدرەسەکانی پەردیسان، مێیسەم، قەرائەتی، ئێمامی و تاها تووشی مەسموومیەت کرد. ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندان شکڵێکی دیکە لەم مەسموومیەتە ئەمجارەیان لە تاران ڕوویدا و ژمارەیەک لە خوێدکارانی مەدرەسەیەک لە ناوچەی ١١ی تاران ڕەوانەی نەخۆشخانە کران. بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان هەتا ئێستا نزیکەی ٢٥٠ خوێندکار کە زۆربەیان خوێندکاری مەدرەسەکانی کچانن تووشی مەسموومیەت بوون. بەرپرسانی پێوەندیدار هەتا ئێستا نە تەنیا حاشایان لێ کردووە بەڵکوو بە قسە و باسی بێ ناوەرۆک، درۆ و وتەی ناتەبا و جێگای گومان، ئەمڕۆ بە سبەیان بە بنەماڵەی خوێندکاران کردووە و وڵامێکیان پێ نەداونەوە.
بەهرام عەین ئێلاهی وەزیری تەندروستی و دەرمانی ڕژیم لە سەرەتای دەستپێکی مەسموومیەتە میکڕۆبییەکانەوە وێڕای ئینکارکردنیان وتی کە “زۆر خەفیف”ن. جێگری زانکۆی علوومی پزیشکی ڕژیمیش وتی کە لە قۆم “هیچ دەلیل و هۆکارێکی مەترسیدار نەبیندراوە. یوسف نووری وەزیری پەروەردەی دەوڵەتی ڕەئیسیی قاتڵ، ئەم مەسموومیەتانەی بۆ هەبوونی نەخۆشیی زەمینە گەڕاندەوە و بەشی زۆری ئەم هەواڵانەی “دەنگۆی دنیای مەجازی” وەسف کرد. پێشتریش ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەم وەزارەتخانەیە لە قۆم بوونی پێستی پرتەقاڵ لەسەر شوفاژیان دەلیلی مەسموومیەتەکان ڕاگەیاند و هێندێکی تریان لە تاران مەسموومیەتی خوێندکارانیان بۆ بەکارهێنانی سپرێی حەشەڕەکوژ و “سترێس و دڵەڕاوکێ” گەڕاندەوە. ئیمام جومعەی کۆنەپەرست و فریوکاری قۆمیش وەک هەمیشە لە فەرمایشەکانیدا باسی لەوە کرد کە “میدیاکانی دەرەوەی ئێران” ئەم دەنگۆ بێ ئەساسەیان دروست کردووە. نوێنەری قۆم لە مەجلسی کۆنەپەرستیش بە ژێستێکی دەروونناسانەوە بە “فۆبیا” وەسفی کرد و وتی: “ئەگەر لە جەمعێکدا ٨ تا ١٠ کەس بڵێن کە خەریکە خەفە دەبین، کەسانی تر کە نەخۆشیی زەمینەیی و پێشوویان بووە، هەست بە خەفەبوون دەکەن”.
ئەم پاساو و درۆودەلەسە ئاگاهانەیەی کاربەدەستانی ڕژیم لە حاڵێکدایە کە مەسموومیەتی خوێندکاران لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا لە زۆرێک لە مەدرەسەکانی کچانی قۆم دووپات بووەتەوە و بەردەوامبوون و پەرەسەندنی نیشانەی ئەوەیە کە عەوامل و دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی لەم جەنایاتەدا دەستیان هەیە. مجتەبا زولنور، نوێنەری قۆم لە مەجلیس لەگەڵ ڕوودانی ئەم مەسموومیەتانە لە مەدرەسەکانی قۆم وتی: “ئیتر هیچ شکێک لەوەدا نییە کە ئەم ڕووداوانە ڕیشەی ئەمنیەتییان هەیە”.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە خودی ئەو کچە خوێندکارانەی کە مەسمووم بوون، بە دەلیلی ڕوون و مەنتقیەوە ئەم فریوکارییانەیان بێ پایە و ئەساس وەسف کروودە و ڕایانگەیاندووە کە ” خوێندکاران ئەم نەخۆشی و کێشانەیان نییە و بەرپرسان درۆ دەکەن. ئەوە تەنیا ئێمە نین بەڵکوو مودیری مەدرەسە و موعەلیمەکان و کارکۆنانیش مەسمووم دەبن”. هەڵبەت دایک و باوکی خوێندکاران و خەڵکیش بە شناختێک کە لە ماهیەتی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە هەیانە ئەم هەڵیت و پڵیت و خورافاتەی مەقاماتی درۆزنی ڕژیمی ئیسلامی باوەڕ ناکەن و دەزانن مەسەلەکە ئیقدامێکی مەترسیداری ڕژیمە کە دەیهەوێ بە قیمەتی گیانی منداڵەکانیان جێبەجێی بکات.
لەو نێوەدا دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕژیم و بەرپرسانی سپا بۆ کۆنتڕۆڵی ناڕەزایەتی و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەی، بە پاساوی “خواستی فەرماندار” هاتوونەتە مەیدان و فەزایەکی ئەمنیەتییان بەسەر مەدرەسەکاندا زاڵ کردووە.
هەتا ئێستا کە نزیک بە سێ مانگ لە ڕوودانی یەکەمین حاڵەتی مەسموومیەتی خوێندکاران تێدەپەڕێت و بەرپرسانی ڕژیم وڵامێکی ڕوونیان بە بنەماڵەکانیان نەداوەتەوە، ئەوان بەخاتری نیگەرانبوونیان لەئاست سڵامەتیی منداڵەکانیان چەندین جار لە بەرامبەر فەرمانداری و مەدرەسەکان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبردووە و خوازیاری تەوزیحێکی شەفاف و ڕوون لە بەرپرسان بوون. بەڵام بەرەوڕووی هەڵسووکەوتی وەحشیانەی هێزە ئەمنیەتییەکان بوونەوە. حەفتەی ڕابردوو فەرماندار و ژمارەیەکی تر لە مەقاماتی ڕژیم بە ئەمنیەتی پێناسەکردنی مەسەلەکە دانیان بەوە دانا کە “سازمانی پەدافەندی غەیری عامل” بە فەرمانی سپای پاسدران چەندین تیمی بۆ نموونە گرتن و لێکۆڵینەوە ڕەوانەی مەدرەسەکان کردووە و نیشانەیەک لە مەسموومیەت نەدرۆزراوەتەوە. هەڵبەت نیگەرانیی بنەماڵەکان لە سڵامەتیی ڕۆڵەکانیان بە لەبەرچاوگرتنی ناتەباوێژی و پاساو و ئیستدلالی بێ ناوەرۆک و بە شناختێک کە لە ماهیەتی جەنایەتکارانەی ڕژیمی ئیسلامی هەیانە بێ مەورد نییە. بەتایبەت لە حاڵێکدا کە دەبینن دەزگا ئەمنیەتییەکانیش لە حاڵی دەخاڵەت کردن دان.
لە جەرەیانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەراسەریی ئێستادا کە ژنانی خەباتکار و وەگیانهاتوو لە چوار دەیە دەسەڵاتی دژی ژنی ئیسلامی ڕۆڵی سەرەکییان هەیە، حیجاب ئەم هێمایەی سووکایەتی و کۆیلەتی لەسەر دەکەنەوە و دەیسووتێنن. ژنانی ئازادیخواز بەم کردەوە شۆڕشگێڕانەیان لە ڕاستیدا هێرشیان کردووەتە سەر یەکێک لە پایە ئایدیۆلۆژیکەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕایانگەیاندووە کە ئیتر حازر نین ئەم ئینقیاد و کۆیلەتییە قەبووڵ بکەن و کۆماری ئیسلامییان ناچار بە پاشەکشە کردووە. بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی وجوودی ناوەندە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵاتی کۆنەپەرست و جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی و ڕوودانی ئەم مەسموومیەتانە لە مەدرەسەکانی کچان و بەتایبەت لە شاری قۆم کە ناوەند و پایەگای ئایدیۆلۆژیکی حکوومەتی ئیسلامییە، گومانی نەهێشتووەتەوە کە عەواملی تاڵەبانیی کۆماری ئیسلامی لەم جەنایەتەدا دەستیان هەیە. ئەم کردەوە جەنایەتکارانەیەی ناوەندە تاڵەبانییەکانی کۆماری ئیسلامی لە نەوعی جەنایەتی ئەسیدپاشی بە ڕوخساری کچان و ژنانی ئازادیخوازە کە حازر بە قەبووڵکردنی قەید و بەندی کۆنەپەرستانە و پیاوسالارانەی ئیسلامی نین.
بێگومان بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەری ژنان و پیاوانی ئازادە و پێشڕەوی کۆمەڵگە بە پێشەنگایەتیی ژنان کە خەبات دژبە ستەم و هەڵاواردنی ڕەگەزی وەک یەکێک لە پایە مەحکەم و بەهێزەکانی هەروا دەمێنێتەوە، دەتوانێ بەرەنگاری سازماندەرانی ئەم جەنایەتانە بێتەوە و بە هەموو دامودەزگای سەرکوت و خورافە و کۆنەپەرستییەوە ڕایماڵێ. خەبات لەدژی هۆکار و بڕیاردەران و جێبەجێکارانی جەنایەتی مەسموومکردنی کچانی مەدرەسەکان لە قۆم و شارەکانی تری ئێران بەئامانجی گەڕاندنەوەی کۆمەڵگە بۆ قۆناغی بەرلە ئاخێزی “ژینا” و لەقاودان و سزادانیان یەکێک لە ئەرکەکانی خەباتکارانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری لە ئێرانە و نابێ ڕێگە بدرێ ئەم ڕژیمە تاوانکارە بە گرتنەبەری وەها تاکتیک گەلێکی جەنایەتکارانە درێژە بە چوار دەیە دەسەڵاتی نگریسی بدات.
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە