فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

لە ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن پێشوازی بکەین
پێنجشەممە ۰۴-۱۲-۱۴۰۱   |  23-02-2023
لە ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن پێشوازی بکەین

له‌ ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن نزیك ده‌بینه‌وه‌. ئه‌م ڕۆژه‌ مێژوو و سوننه‌ته‌كه‌ی له‌ ڕاپه‌ڕینی ژنانی كارگه‌كانی ڕستن و چنینی نیۆیۆرك له‌ ساڵی ١٨٥٧ی زایینیی وه‌رده‌گرێ. لە ٨ی مارسی ١٨٥٧، ژنانی کرێکاری کارگەکانی پارچەبافی و جلدۆزی لە نیۆیۆرکی ئەمریکا هاتنە سەر شەقامەکان و خوازیاری بردنەسەرەوەی حەقدەست، هاتنەخوارەوەی سەعاتی کار و باشترکردنی باروودۆخی کۆیلەئاسای کار بوون. ئەم خۆپیشاندانانە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە هێرشی بەرینی کرایە سەر. ژنانی سۆسیالیست لە ساڵی ١٩١١دا ڕۆژی ژنیان بنیات نا، بەڵام دوابڕیار بۆ دیاریکردنی “ڕۆژی جیهانیی ژن” خرایە کاتێکی تر. ساڵی ١٩١٣ “نووسینگەی نێونەتەوەیی ژنان” (یەکێک لە ناوەندەکانی ئەنترناسیۆناڵی دووهەم)، هەشتی مارسی لەبەر خەباتی ژنانی کرێکار لە ئەمریکا، وەک “ڕۆژی جیهانیی ژن” دیاریکرد. لە هەمان ساڵدا ژنانی زەحمەتکێش و ژنانی ڕووناکبیری شۆڕشگێڕ لە ڕووسیەی تێزاری و لە سەرتاسەری ئەورووپا، ڕێوڕەسمی “٨ی مارس”یان بە شێوەی خۆپیشاندان و کۆبوونەوە بەڕێوەبرد. ژنانی کرێکاری سەنت پێتێرزبورگ بە مانگرتنی خۆیان لە ڕۆژی ٨ی مارسی ١٩١٧ دژبە باروودۆخی فەلاکەتباری سەرچاوەگرتوو لە سیاسەتی شەڕی دەوڵەتی ڕووسیە و بۆ نان و ئاشتی هاتنە مەیدان و بوون بە دەنگی ڕەسای شکۆدارترین شۆڕشی کرێکاری. ساڵی ١٩٢١، “کۆنفڕانسی ژنانی ئەنترناسیۆناڵی سێهەمی کۆمۆنیستی” لە مسکۆ بەڕێوەچوو. لەم کۆنفڕانسەدا، ڕۆژی ٨ی مارس وەک “ڕۆژی جیهانیی ژن” پەسندکرا. کۆنفڕانسەکە ژنانی سەرتاسەری جیهانی بانگهێشتی پەرەپێدانی خەبات دژبە نیزامی سەرمایەداری و بۆ وەدیهێنانی خواستەکانیان کرد. ئه‌م مێژوویه‌ ئاڵقه‌كانی زنجیرێكی دوورودرێژ و پێكه‌وه‌ به‌ستراوی بزووتنه‌وه‌ی پرۆلتێریی ژنانی جیهانه‌.

له‌ ماوه‌ی هه‌موو ئه‌م ساڵانه‌دا و تا به‌ ئه‌مڕۆ، ملیۆنان ژن له‌ زۆربه‌ی وڵاته‌كانی جیهان شه‌قام و مه‌یدانی شاره‌كانیان كردووه‌ته‌ دیمه‌نی شكۆداری خه‌بات دژبه‌ هه‌ڵاواردن و نابه‌رابه‌ریی ڕه‌گه‌زی و نه‌زمی زاڵی سه‌رمایه‌داری. بێگومان هیچ تاكتیكێك ناتوانێ حاشا لەم ڕاستییە بکات كه‌ ژنانی كرێكار بێبه‌شترین به‌شی چینێكن كه‌ هه‌م شه‌للاقی هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زییان وێده‌كه‌وێت و هه‌م یه‌كێك له‌ فاكته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كه‌ڵه‌كه‌ كردنی سه‌رمایه‌ن له‌ جیهانی ئه‌مڕۆدا. ناڕه‌زایه‌تیی ملیۆنیی و هه‌موو ساڵێی ژنان نیشانی ده‌دات كه‌ له‌ نیزامی سه‌رمایه‌داریدا ته‌نانه‌ت له‌و جێگایه‌ كه‌ به‌ڕواڵه‌ت باس له‌ به‌رابه‌ریش ده‌كرێ، چ بۆشاییه‌كی قووڵ له‌ نایه‌كسانیی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ژنان له‌ پیاوان جیا ده‌كاته‌وه‌. ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ نیشانی ده‌دات كه‌ به‌رابه‌ریی یاسایی ئه‌گه‌ر بوونیشی هه‌بێت به‌ هیچ جۆرێك به‌ مانای به‌رابه‌ریی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤه‌كان نییه‌.

ه‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی، واته‌ جێیه‌ك كه‌ نابه‌رابه‌ریی بنه‌ڕه‌تیی نه‌زمی سه‌رمایه‌داری له‌گه‌ڵ ئایین تێكه‌ڵ بووه‌، ته‌نانه‌ت هیچ باسێك له‌ به‌رابه‌ریی یاساییش له‌ گۆڕێدا نییه‌. لێره ئیتر‌ هه‌ڵاواردن، توندوتیژی، بێ مافی و دژه‌ژن بوون، شكڵی یاسایی و شه‌رعیی به‌خۆی گرتووه‌. چونكه‌ ده‌وڵه‌ت نه‌ ته‌نیا وه‌ك ئۆرگانی پارێزه‌ری نه‌زمی چینایه‌تیی چه‌وسێنه‌ر، به‌ڵكوو وه‌ك ئۆرگانی زاڵی ئیدێئۆلۆژیك، پێویستی به‌ سه‌ركوتی ژنانه‌. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای تێكه‌ڵ بوونی به‌ربه‌ریه‌تی سه‌رمایه‌داری له‌گه‌ڵ ئیسلامی سیاسی و هه‌موو ئه‌و بێبه‌شیانه‌ی كه‌ به‌سه‌ر ژنانیدا سه‌پاندووه‌ و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یكه‌ هه‌ژاری پتر له‌ هه‌موو كاتێك ڕۆخسارێكی ژنانه‌ی به‌خۆی گرتووه‌، ژنان قوربانیانی خامۆشی ئه‌م باروودۆخه‌ فه‌لاكه‌تباره‌ نین. بینیمان كه‌ له‌ به‌فرانباری ٩٦ و خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨دا، ژنان چلۆن له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان‌‌دا بوون و پتر له‌ یه‌ك حه‌وتوو خه‌ویان له‌ چاوی سه‌ران و كارگێڕانی ڕژیم تاراند. ئه‌وان له‌ ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا  شان به‌ شانی كرێكارانی هه‌فت‌‌ته‌په‌، له‌ پێشه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری و له‌ شوێنی كار و له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان سروودی خه‌باتیان خوێنده‌وه‌. ئه‌وان له‌ مێترۆكاندا بۆ خه‌ڵك، له‌ ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن دوان. ئه‌وان له‌ به‌رزاییه‌كانی شه‌قامی ئیقلاب حیحاب، واته‌ سه‌مبۆلی كۆیله‌تیی ژنیان به‌ زەوی دادا و له‌ زانكۆكاندا هاواری ناڕه‌زایه‌تییان دژبه‌ هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی به‌رز كرده‌وه‌. ژنان له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەریی مامۆستایان و خانه‌نشیناندا به‌شدار بوون و وه‌ك پزیشك و په‌رستار له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی خه‌بات له‌گه‌ڵ كۆرۆنا گیانفیداییان نواند و كاتێكیش به‌دیل گیران و ئه‌شكه‌نجه‌ دران، ئیدیعانامه‌ی خۆیان كه‌ ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕێكی ئاشكرا دژبه‌ ڕژیم بوو، ڕاشكاوانه‌ هاوار كرد.

ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا بەرەوپیری ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنەوە دەچین کە دەستبەسەرکردن و کوشتنی ژینا (مەهسا) ئەمینی بەدەستی هێزە سەرکوتگەرەکانی “گەشتی ئیرشاد” دەستبەجێ ناڕەزایەتی دژبە قەتڵی ئەوی بە بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنان، و باقیی بزووتنەوەی پێشڕەوەکانی کۆمەڵگەوە پەیوەند دا و بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی بەرپا کرد. بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە کە زیاتر لە پێنج مانگە بەشێوازی جۆراوجۆر درێژەی هەیە. ناڕەزایەتی دژبە قەتڵی حکوومەتیی مەهسا بە فڕێدان و سووتاندنی ڕووسەرییەکان خەباتی ژنان دژی حیجاب و یاسای پرتووکاوی ئیسلامیی بردووەتە قۆناغێکی نوێوە. لابردنی ڕووسەرییەکان لەسەر شەقام و سووتاندنیان هێرشێکی بەهێزی سیاسی و ئیدێئۆلۆژیکە بۆ سەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی. ئەم هێرشە بەهێزە لە هەمانحاڵدا زەربەیەکی توندە لەو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆن ڕووسەری لەسەر کە دوای کۆتایی کاری دیکتاتۆریی دینی بەتەمای دامەزراندنی حکوومەتێکی بورژوازیی دیکەیە لەژێرناوی “کۆماری دیموکراتیکی ئیسلامی”.

ئه‌گه‌ر ٨ی مارس هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ ڕاپه‌ڕینی ژنانی كرێكار ده‌ستیپكرد، پێشڕه‌ویی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریی ژنیش، بێجگه‌له‌ هاتنه‌ مه‌یدانی ملیۆنیی ژنانی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش ده‌سته‌به‌ر نابێت. به‌رژه‌وه‌ندی ژنان و پیاوانی كرێكار له‌وه‌ دایه‌ كه‌ له‌ ڕێكخراوی جه‌ماوه‌ری و چینایه‌تی و له‌ حیزبی سیاسیی خۆیاندا سازمان بدرێن و شان به‌ شانی یه‌ك دژبە شێوازه‌ جۆراوجۆره‌كانی سته‌می نیزامی سه‌رمایه‌داری خه‌بات بكه‌ن. ئه‌گه‌ر خه‌باتی ڕێكخراوی ژنان، فاكته‌رێكی گرینگه‌ له‌ پێناو به‌ره‌وپێش بردنی بابه‌تی ڕزگاریی ژن، پێویسته‌ له‌ هه‌موو ده‌رفه‌تێك بۆ ڕێكخستنی جەماوەر كه‌ڵك وه‌ربگیرێت تا ژنان به‌ هێز و شكۆیه‌ك كه‌ شیاوی ئه‌وانه‌، له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی خه‌بات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانه‌ی كۆماری ئیسلامیدا به‌شداری بكه‌ن. خەباتی ژنان بە ستراتێژی یەکگرتن لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و بە ئاسۆی سۆسیالیستییەوەیە کە دەتوانێ کۆتایی بە هەڵاواردنی ڕەگەزیی سەرمایەداریی ئیسلامی لەم کۆمەڵگەیەدا بێنێت.

تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co