دەزگای دادوەریی ڕژیم بۆ ئازادکردنی کاتیی دوو برای خاوەن پێداویستیی تایبەت بە ناوەکانی “عەبدوڵڵا قەنبەریوەند” و “مەحموود قەنبەریوەند”، خەڵکی شاری پیرانشار لە زیندانی نەغەدە، داوای بارمتەی ١۵ی ملیارد تمەنی کردووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، “عەبدوڵڵا و مەحموود قەنبەریوەند”، دوو برای خاوەن پێداویستیی تایبەتی خەڵکی شاری پیرانشار، ماوەی سێ حەفتەیە لە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیم لە شاری ورمێیەوە بۆ زیندانی ناوەندیی نەغەدە گواستراونەتەوە. شایانی باسە، ئەو دوو برایە لە ماوەی دەستبەسەربوون، لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیاندا، لە لایەن ناوەندەکانی ڕژیمەوە، بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ، لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەی هێزەکانی ئەو ناوەندانەدا بوون. جێگەی ئاماژەیە، “عەبدوڵڵا قەنبەریوەند”، تەمەن ٤٩ ساڵ و “مەحموود قەنبەریوەند”، تەمەن ٤۶ ساڵ، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی مانگی بەفرانبار، لە لایەن هێزەکانی ڕژیم لە ماڵەکەی خۆیاندا ڕفێندراون و پاش ماوەیەک لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە، گواستراونەتەوە بۆ زیندانی نەغەدە.