فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

٥٤ وڵات لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانیان لە ئێران مەحکووم کرد
چوارشەممە ۱۰-۱۲-۱۴۰۱   |  01-03-2023

لە دیداری سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕەشەممە، جێگری وەزیری دەرەوەی کاستاریکا بەیاننامەی هاوبەشی ٥٤ وڵاتی خوێندەوە کە دەرکردن و جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ خۆپیشاندەران لە ئێران مەحکووم دەکات و تێیدا هاتووە: “لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لە ئێران دەیان بەشداربووی خۆپیشاندانەکانی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە یان خەریکە حوکمی لەو جۆرەیان بۆ دەربکرێت.”

وڵاتانی واژۆکەر وتوویانە کە لەبارەی “ناوەڕۆکی تاوانەکان”، “خێرایی دادگاییکردن”، “نەبوونی شەفافییەت”، “ڕاپۆرتە باوەڕپێکراوەکان سەبارەت بە دەستپێڕانەگەیشتن بە پارێزەرێکی هەڵبژێردراو” و “ئەشکەنجەدان یان هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی دیکە”، بە قووڵی نیگەرانن.

ئەم بەیاننامەیە ئەوەی خستەوە بەرباس کە ئەو وڵاتانەی سزای لەسێدارەدانیان هەڵنەوەشاندووەتەوە، تەنیا دوای دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە و بەپێی ئەو گەرەنتییانەی لە پەیمانە نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە، بۆ قێزەونترین تاوانەکان سزای لەسێدارەدان دەر بکەن.

واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیە لەسەر ئەوە جەختیان کردەوە کە “هیچ حکوومەتێک نابێ بۆ سزادانی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکاندا بەشداری دەکەن لە سزای لەسێدارەدان و تۆقاندنی هاوڵاتیان بە ئامانجی کەمکردنەوەی چالاکییەکانی دژبەرەکانیان کەڵک وەرگرێت.”