فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئاماری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە مانگی ڕێبەندان لە کوردستانی ئێران
یەکشەممە ۱۴-۱۲-۱۴۰۱   |  05-03-2023

ناوەندەکانی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاندووە، بەهۆی نەبوونی ئازادانەی دەستڕاگەیشتن بە هەواڵ و ڕووداوەکانی ناوخۆی وڵات، ئەم ئامارە ناتوانێت هەموو حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی هاووڵاتیان لەخۆ بگرێت، بەڵام بەوپەڕی وردبینی لە زانیاری و راستییەکانی هەواڵەکان و پشتڕاستکردنەوەی بابەتە بڵاوکراوەکان ئەنجامدراوە.

بە پشتبەستن بەو ئامارانەی کە لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا تۆمار کراوە، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٨٦ هاووڵاتیی لە شارەکانی کوردستان دەستبەسەر کراون، هەروەها ١١ کەس لە سێدارە دراون، ١٤ کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون، لانیکەم ٨ کەسیش دەستیان داوەتە خۆکوژی و کەسێکیش لە ئەنجامی تەقینەوەی مین گیانی لەدەستداوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوی هەموو ئەو کەسانە لە لایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پشتڕاست کراوەتەوە، زۆربەیان بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی، بەشداری لە خۆپیشاندانەکان، هاوکاری لەگەڵ حیزبە سیاسیەکانی کوردستان و چالاکیی مەدەنی دەستبەسەر کراون. بەگوێرەی ئەو ئامارانە، ۳ کەس لە دەستگیرکراوەکان ژنن و ۴کەسیان منداڵ و میرمنداڵن کە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە. هەروەها لە ماوەی ئەم مانگەدا ١١ هاووڵاتیی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی لە سێدارە دراون کە ٧ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست، ٢ کەس بە تۆمەتی دزی چەکداری و کەسێک بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر لە سێدارە دراون. لە لایەکی دیکەوە، بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هانا، لە مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ ١٤ کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون. لەو ژمارەیە ٢ کەس بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ کە بە هۆی ڕاوەدوونانی هێزەکانی ڕژیمەوە گیانیان لە دەست دا و کەسێکیش بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزەکانە گیانی لە دەست دا. هەروەها ١١ کەس بریندار بوون، ٥ کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم و ٦ کەسیش بە هۆی رووداوی هاتووچۆ بریندار بوون. ئەمە لەحاڵێکدایە کە هەر لەم مانگەدا، ٨ کەس لە شار و ئاوایەکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە ٣ کەسیان ژن بوون و ۵ کەسیان پیاو بوون. یەکێک لەو کەسانەی کە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، بەندکراوێکی زیندانی ورمێ بووە کە بە هۆی فشاری دەروونی و مامەڵەی توندوتیژیی  بەرپرسانی زیندانەوە هاتووەتە ئاراوە.