ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەشەمە، هەواڵدەریی سکای نیوز لە ڕاپۆرتێکی تایبەت سەبارەت بە ژەهراویکردنی قوتابییان لە ئێران و هەروەها وتووێژ لەگەڵ شایەتحاڵانی ئەو ڕووداوە ڕایگەیاند: کە بە لەبەرچاوگرتنی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی کچان لە ئێران و هەروەها شاردنەوەی ڕاستییەکان لەلایەن بەرپرسانی ڕژیمەوە، ئەو هێرشە پلان بۆ داڕێژراوە و بە ئاگاداریی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیەوە جێبەجێ کراوە.
هەواڵدەریی سکای نیوز لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی: بە پێچەوانەی ئیدیعاکانی بەرپرسانی ڕژیمی ئیسلامی کە دەڵێن، هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان لە ئێران کاری ئیسلامییە توندڕەوەکان و دژبەرانی کۆماری ئیسلامییە، ئەو هێرشانە ناکرێت بەبێ ئاگاداریی دەسەڵاتدارانی ڕژیم جێبەجێ کرابێت.
سکای نیوز لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا بە ئاماژەدان بە سەرکوتی خەڵکی ڕاپەریو و وەگیان هاتووی ئێران، باسی لەوە کردووە: ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەنێو کۆمەڵگەی جیهانیدا جێگەی متمانە نییە. ئەو ڕژیمە بۆ بەلاڕێدابردنی هەست و ئاوەزی کۆمەڵگەی جیهانی و نێوخۆی ئێران، پەنای بۆ ژەهراویکردنی کچانی قوتابی بردووە و دەیهەوێت بەم کارە قێزەونەی سەرنجی کۆمەڵگەی جیهانی و ناوخۆی وڵات بۆ لای ئەو بابەتە ڕابکێشێت.