کەمتر لە دوو حەفتەی تر کۆتایی ساڵی ١٤٠١ە و سەرمایەدارانی بەشی دەوڵەتی و خاوەنکارانی بەشی خسووسی لەپێوەند لەگەڵ لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران لە ساڵی ١٤٠٢ هێستا بە تەوافوق نەگەیشتوون. هەواڵنێریی “مێهر”ی سەربە سازمانی تەبلیغاتی ئیسلامی ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی ڕەشەممە لەسەر زاری مۆرتەزەوی وەزیری “تەعاون، کار و ڕەفاهی ئیجتماعی” دەوڵەتی ڕەئیسی قاتڵ، نووسیی کە “ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی ڕەشەممە کۆبوونەوەی “شۆرای باڵای کار” لە شوێنی ئەم وەزارەتخانەیە بە بەشداریی ڕەعیەتی فەرد جێگری ئەم وەزارەتخانەیە و دەبیری شۆرای باڵای کار و نوێنەرانی خاوەنکار و کرێکاران بەڕێوەچوو. لەم کۆبوونەوەیەدا وێڕای تەئکید لەسەر ئەسڵی “سێ جانبە گەرایی” و تەعامولی زۆرینەی نوێنەرانی دەوڵەت، خاوەنکاران و کرێکاران پێکەوە، بنەما و پێوەری لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران لە ساڵی ١٤٠٢، ئاستی هەزینەی سەبەدی بژێوی کرێکاران و ڕێژەی تەوەرۆمی ڕاگەیەندراو لەلایەن ناوەندی ئاماری ئێران پێناسەکرا”. ئەم درۆیەی جەنابی وەزیر لە حاڵێکدایە کە ڕۆژی سێشەممە ١٣ی مانگی ڕەشەممە ئەندامێکی لایەحەی بوودجەی مەجلیس ڕایگەیاند کە: “ بە نەزەر دەگات لە ساڵی داهاتوودا حەقدەستی کرێکاران ٢٠ لەسەد زیاد بکرێت”. ئاشکرایە کە ئەم ئاستە لە بردنەسەرەوەی حەقدەستی کرێکاران تەنانەت ئەگەر بەکردەوەش دەربێت نەتەنیا هیچ تەناسوبێکی لەگەڵ هەزینەی مەعیشەت نییە بەڵکوو سێ بەرابەر لەژێر ڕێژەی تەوەرۆمی ٦٠ لەسەدیی ئێستا دایە. ئەوەش لەحاڵێکدایە کە ڕۆژانە ڕێژەی تەوەرۆم و هەزینەی سەبەدی مەعیشەتیی بنەماڵەکان دەچێتە سەرێ. “شۆرای باڵای کار”ی ڕژیم کە لەسەر بنەمای “سێ جانبە گەرایی”ە و لە نوێنەری خاوەنکارانی بەشی خسووسی، دەوڵەتی سەرمایەدار، نوێنەرانی دژەکرێکاریی وابەستە بە ڕژیم پێکهاتووە، لە نەزەر کرێکارانەوە ناوەندێکی دژە کرێکارییە لەبەر ئەوەیکە بەردەوام لەدژی بەرژوەندی کرێکاران و بە قازانجی خاوەنکار و سەرمایەداران هەنگاوی هەڵگرتووە. نوێنەرانی واقعیی کرێکاران و ڕێکخراوە کرێکارییەکان لەم شۆرایەدا بەشدار نین و هەر بۆیە کرێکاران هیچ کات ئەم شۆرایەیان بە ڕەسمی نەناسیوە. نوێنەرانی خاوەنکاران لەم شۆرا کەزاییەدا، وەک هەمیشە و هەموو ساڵێک بە دژایەتیکردن لەگەڵ بردنەسەرەوەی حەقدەست بە بیانووی ئەوەیکە “بردنەسەرەوەی حەقدەست دەبێتە هۆی چوونەسەرەوەی تەوەرۆم و بێکاری” خوازیاری قەبووڵکردنی گەڵاڵەی دژەکرێکاریی دیاریکردنی “حەقدەستی ناوچەیی” بوون تا دەستی خاوەنکار لە هەر ناوچەیەک بۆ دیاریکردنی حەقدەست و چەوساندنەوەی زیاتری هێزی کار ئاواڵە بێت. نوێنەری ڕێکخراوە کرێکارییەکانی وابەستە بە ڕژیمیش لەم کۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاند کە دوای دیاریکرانی هەزینەی سەبەدی مەعیشەتی، پێویستە لەسەر حەقدەست چانەزەنی بکرێت. بەڕێوەبەری گشتیی بەناو کانونی ئەنجومەنە سینفییە کرێکارییەکانی ڕژیمیش ڕایگەیاند کە کۆمیتەی حەقدەستی شۆرای باڵای کار هەزینەی سەبەدی مەعیشەت دیاری دەکات.
بە گوێرەی مادەی ٤١ی یاسای کاری کۆماری ئیسلامی، حەقدەستی کرێکاران پێویستە بەپێی سەبەدی هەزینەی ژیانی بنەماڵەی کرێکاری و ڕێژەی تەوەرۆمی ساڵانە دیاری بکرێت. بەڵام لە نیزامی گەندەڵی کۆماری ئیسلامی نەتەنیا هەزینەی واقعیی سەبەدی مەعیشەت و ڕێژەی تەوەرۆم تابعی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیەتین، بەڵکوو هیچ ئامار و ئەرقامێکی ناوەندە حکوومەتییەکانیش ئیعتباریان نییە و دەقیق نین. بەڵام سەرەڕای ئەوەش دیاریکردنی حەقدەستی کرێکاران و چانەزەنی لەسەری، بۆ دوای دیاری کرانی هەزینەی سەبەدی مەعیشەتی بنەماڵەی کرێکاری حەواڵە دەکرێت و نە نوێنەری دەوڵەت و نە نوێنەری خاوەنکار هیچ پەلەیەکیان بۆ دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران نییە. هەزینەی سەبەدی مەعیشەتی کرێکاران، لە هەزینەی خۆراک و پۆشاک و دەرمانەوە بگرە تا هەزینەی هاتووچۆ و ئاموزش و تەفریح و هیتر لەخۆدەگرێت. هەمووی ئەم هەزینانە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا بەشێوەی بەچاو بەرزبوونەتەوە و بەردەوام دەڕۆنە سەرێ. قەیرانی ئابووریی هەمەلایەنەی ڕژیم و حەقدەستی سێ و چوار بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری، توانای کڕینی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی یەکجار هێناوەتە خوارێ. وتەبێژی کۆمیسیۆنی تەلفیقی لایەحەی بوودجە تەئیدی کردووە کە حەقدەستی کرێکاران لە ساڵی داهاتوودا تەنیا ٢٠ لەسەد زیاد دەکرێت. ئەمە لەچاو بردنەسەرەوەی حەقدەست لەمساڵدا کە ٥٧ و ٤ دەهومی لەسەد بوو نزیکەی سێ بەرابەر کەم بووەتەوە. چونگە ئەگەر مەجمووعەی حەقدەست و مەزایا بۆ کرێکارانی هاوسەردار بە سێ منداڵەوە لە ساڵی ١٤٠١دا، شەش ملیۆن و نیو بووە لە ساڵی داهاتوودا دەگاتە حەوت ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن. بەڵام هەزینەی مەعیشەت لە سەرەتای ئەمساڵەوە دە ملیۆن تمەن بووە و لەئێستادا گەیشتووەتە سەرووی ٢٠ ملیۆن تمەن. لەپێوەند لەگەڵ کرێکاران و کارمەندانی خانەنشینکراویش وەزعەکە هەر بەم جۆرەیە. هەڵبەت لەم بارودۆخەدا زۆربەی ئەو کرێکارانەی کە لە کارگە چکۆلەکاندا بە زەرفیەتی کەمتر لە دە کەسەوە خەریکی کارن، وەزعییەتی ژیانیان یەکجار قەیراناویترە و خاوەنکاران بە مەیلی خۆیان حەقدەستی خوارتر لە لانیکەمی حەقدەستی پەسندکراوی ڕژیمیان بەسەردا دەسەپێنن. داسەپاندنی وەها بارودۆخێکی غەیری ئینسانی و فەلاکەتبار لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەسەر کرێکاران و باقیی توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە، نەک هەر ژیان بەڵکوو زیندوو مانەوەشی دژوار کردووە.
بەپێی ئاماری بانکی جیهانی لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا حەقدەستی کرێکارانی ئێران یەک سووەم کەم بووەتە. ئەگەر لە ساڵی ١٣٩٠دا حەقدەستی کرێکارانی ئێران بەرابەری ٢٥٣ دۆلار بوو، لە ساڵی ١٤٠١دا بۆ کەمتر لە ١١٠ دۆلار کەم بووەتەوە. بەڵام لەماوەی یەک ساڵ و نیوی دەوڵەتی پادگانیی ڕئیسیدا، قیمەتی دۆلاری ئەمریکا لە ئێران لە ٢٥ هەزار تمەنەوە بۆ ٦٠ هەزار تمەن بەرز بووەتەوە. ئەوە بە مانای دەرماندەبوون و وەرشکستەیی حکوومەتی ئیسلامییە. بێ گومان لە ساڵی داهاتووشدا نەتەنیا بارودۆخی فەلاکەتباری ژیانی کرێکاران و باقی توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا باشتر نابێت، بەڵکوو بوودجەی تەوەرۆمزا و بێ مەحەلی دەوڵەتی ڕەئیسی، خرابتریشی دەکات. پاساوی بێناوەرۆکی ئەم دەوڵەتە داڕماوە واتە دەلیلی بەرزبوونەوەی نرخی دراو “بەرنامەی دوژمن” یان “ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان”ە، بۆ کەس قەبووڵ ناکرێت. ئەم ڕژیمە سەرمایەدارییە دز و گەندەڵە دەمێکە تەمەنی بەسەر چووە و دەبێ بڕوات. لەم ڕاستایەدا ڕێگایەک بێجگەلە گەشەی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی سەرانسەری، کە زیاتر لە شەش مانگە بۆ ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە دژەئینسانە دەستی پێکردووە، بوونی نییە. ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی یەکەمین هەنگاوی شۆڕشە کە بە دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆرایی کرێکاران و زەحمەتکێشان و قەرارگرتن لە مەسیری گۆڕینی بنەماکانی نیزامی سەرمایەداری ئیدامەی دەبێت. بێگومان ئەمە تەنیا ڕێگای ڕزگاریی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێرانە لەم بارودۆخە موسیبەتبارە.
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە