فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

تۆفانێک کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خۆی دەبات
یەکشەممە ۲۱-۱۲-۱۴۰۱   |  12-03-2023
تۆفانێک کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خۆی دەبات

لەماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا لەگەڵ پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری و دابەزینی بێ وێنەی بەهای ڕیاڵ لە بەرامبەر دۆلار، گرانییەکی لەڕادەبەدەر بازاری شارەکانی ئێرانی داگرت. ئەم ئاڵوگۆڕەی بازاڕ، توانای کڕینی کرێکاران و باقی توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگەی یەکجار هێنایە خوارێ. ئەم شەپۆلە لە گرانی هاوکات بوو لەگەڵ شەپۆلێکی دیکە لە مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران، خانەنشینان، مامۆستایان دژبە هەژاری و گرانی. لەلایەکی دیکەوە هێرشی شیمیایی بۆسەر مەدرەسەکانی کچان، نیگەرانی و ئیعتڕازی زۆرێک لە خەڵک بەتایبەت بنەماڵەی خوێندکاران، و مامۆستایانی لێکەوتەوە و دەستی ڕژیم لەم جەنایەتەدا دەرکەوت. چونکە دەلایل و شەواهیدی بەرچاو و وتەی ناتەبا و درۆودەلەسەی خامنەیی و سەرانی دیکەی ڕژیم بۆ خەڵک هیچ شکێکی نەهێشتەوە کە کردەوەی جەنایەتکارانە و وەحشیانەی مەسموومکردنی کچان تاکتیک و پڕۆژەیەکی دیکەی باندەکانی کۆماری ئیسلامییە بۆ خامۆشکردنی ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕانە و سەرانسەرییەی کە لە شەش مانگ لەمەوبەرەوە بە پێشەنگایەتیی ژنان وەڕێکەوتووە و گشت دەسەڵاتی کردووەتە نیشانە و هەروا بەەوپێش دەڕوات.

لە وەها بارودۆخێکدا تەبلیغات و پڕوپاگەندای هاندەرانە و گەورەکردنەوەی مەسەلەی پیتاندنی ٨٤ لەسەدیی ئۆرانیۆم، بەئامانجی هاندانی دەوڵەتانی (۱+۵) و بە مەبەستی نیشاندانی تەمایول و ئامادەیی بۆ ئیدامەی گفتوگۆکانی بەرجام ئەنجام درا. بەڵام ئەم ئیقداماتە کە لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی شۆرای حۆکامدا ئەنجام درا و بەهۆیەوە “ڕافائێل گڕۆسی” بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی بەپەلە گەیشتە تاران، ئاکامی پێچەوانەی بوو.

سەفەری دوو ڕۆژە و ڕانەگەیەندراوی گڕۆسی بەدوای ڕاپۆرتی بەرپرسانی ئەم ئاژانسە ئەنجام درا کە تێیدا باسیان لە دۆزینەوەی زەڕاتی ئۆرانیۆمی پیتێدراوی ۸۳.۷ لەسەد لە سایتی فۆردۆ کردبوو. لە کاتی سەفەرەکەی گڕۆسی و دواتریش ئەمریکا و بریتانیا بەئامانجی لاوازکردنی پێگەی ڕژیم لە گفتوگۆکاندا مەجمووعەیەکی تریان تەحریم بەسەر ناوەند و شیرکەت و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیدا سەپاند. ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەی سەرمایەداری غەرب لە فرسەتی قەیرانی ناوخۆیی ڕژیم بۆ داسەپاندنی گوشاری زیاتر بەسەر کۆماری ئیسلامی بە ئامانجی ئیمتیازوەگرتن و سازان کەڵکیان وەگرت. بەم مەبەستە ڕۆژی هەینی ١٢ی ڕەشەممە بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمییان ڕەوانەی تاران کرد تا بەرلە کۆبوونەوەی شۆرای حۆکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، ڕاپۆرتێک بەئامانجی مەحکوومکردنی کۆماری ئیسلامی ئامادە بکات و شۆرا لە بڕیاردان لەسەر ناردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ڕژیمی ئیسلامی بۆ شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بخاتە پێگەیەکی گونجاوەوە. ئاکامی سەفەری دوو ڕۆژەی گرۆسی و گفتوگۆ لەگەڵ مەقاماتی ڕژیم، واژۆکردنی ڕێکەوتن نامەیەکی لە ڕۆژی شەممە ١٣ی ڕەشەممە لێکەوتەوە. ئەم ڕێکەوتننامەیە کە بەرەوڕووی دژایەتیی توندی مۆرە توندڕەوەکانی ڕژیم بووەوە، کۆماری ئیسلامی ئەرکدار دەکات بە قەبووڵکردنی ئەوەیکە بەرپرسانی ئاژانس هەرکات بیانهەوێ دەتوانن لەسەر هەر کام لە ناوەندە ئەتۆمییەکانی ڕژیم لێکۆڵینەوە بکەن، دووربین و سیستمەکانی کۆنتڕۆڵی خۆیان دامەزرێنن و تەنانەت لە مەسائلی پادمانی پێوەندیدار بە سێ شوێنی “مەریوان، وەرامین و تورقوزئاباباد” کە ئاسەواری ئۆرانیۆم تێیدا بەدەست هاتووە، لێکۆڵینەوە و کۆنتڕۆڵی پێویست ئەنجام بدەن و دەزگای چاوەدێری دابمەزرێنن. کۆماری ئیسلامی بۆ پاساوکردنی واژۆی ئەم ڕێکەوتننامەیە ڕایگەیاند کە “بەشێوەی داوتەڵەبانە” موافقەتی کردووە تا ئیجازەی ڕاستی ئازمایی و چاوەدێریی زیاتر بە ئاژانس بدات.

بەڵام لەڕاستای داسەپاندنی گوشاری زیاتر بەسەر ڕژیم بۆ بەکردەوە دەرهێنانی ناوەرۆکی ڕێکەوتننامەکە، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی مانگی ڕەشەممە سێ دەوڵەتی فەڕانسە، ئاڵمان و بریتانیا لە جەلەسەی شۆرای حۆکام، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا پاساوی کۆماری ئیسلامیبان ڕەت کردەوە کە وتبووی “نەوەساناتی نەخوازراو لەکاتی پیتاندن بووەتە هۆی پەیدابوونی زەڕاتی پیتێدراوی ۸۳.۷ لەسەدی”. ئەوان لەسەر پێویستیی بەڕێوەبردنی کامڵ و خێرای ئەم ڕێکەوتنە تەئکیدیان کرد و داوایان لە بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە بەر لە کۆبوونەوەی شۆرای حوکامی ئاژانس لە مانگی ژۆئەن، شۆرا لە پڕۆسەی جێبەجێکردنی ئەم کارە ئاگادار بکاتەوە. لەم پێوەندەدا ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی مارس وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاش بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، ٣٩ شیرکەت کە بە یارمەتیی “بانکەکانی ناو سێبەر” لەگەڵ سەنایەعی پێترۆشیمیی ڕژیمی ئیسلامی هاوکاریان کردبوو، تەحریم کرد. هەموو ئەم هەوڵانە لەپێناو داسەپاندنی گوشاری زیاتر بۆسەر کۆماری ئیسلامی و بۆ ڕامکردن و ڕێگری لە زێدەخوازی و قەبووڵکردنی مەرجەکانی ئەم دەوڵەتانەیە نەتەنیا لە بواری دانوستانی ئەتۆمی بەڵکوو لە بواری نیزامی و مووشەکی و دەخاڵەت نەکردن لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە. ئاشکرایە کە ئەمریکا و باقیی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری لە بارودۆخێکدا کە بزووتنەوەی شۆرشگێڕانە و سەرانسەری لە ئێران بە پێشڕەویی خۆی ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی کردووەتە ئامانج، لە سەرهەڵدانی شۆڕش و زەوتکرانی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ئێرانەوە نیگەرانن و خوازیاری ڕووخاندنی ڕژیم نین.

بەڵام بەپچەوانەی خواست و ئامانجی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی تەمەنی کۆماری ئیسلامی کۆتایی هاتووە و ئەم ڕژیمە کە لەگەڵ قەیرانی قووڵی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ناوخۆیی و ئایدیۆلۆژیک بەرەوڕوویە تەنانەت بە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆ و پشتیوانیی ئەم دەوڵەتانەش ناتوانێ درێژە بە دەسەڵاتی بدات. ئەم واقعییەتە لەلایەن هێندێک لە میدیاکانی دەرەوەش تەئکیدی لەسەر کراوە. دە ڕۆژ لەمەوبەر ڕۆژنامەی لۆمۆند دیپلۆماتیکی چاپی پاریس، وەزعییەتی ئێستای ئێرانی بە ئارامیی پێش تۆفان وەسف کرد کە بەم زووانە لەگەڵ پێشڕەویی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بەرپا دەبێت و زۆرێک لە خەڵکی تووڕە و عاسیی دیکەی ئێران کە هەتا ئێستا نەهاتوونە مەیدان، پەیوەستی دەبن. هەفتەی ڕابردوو ڕۆژنامەی “ئیندپێندێنت”ی چاپی لەندەنیش لە وتارێکدا بە قەڵەمی “مایکڵ ڕووبین” یەکێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی کە ساڵەهایە بەدوای پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێرانەوە، نووسیی: “کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر چاوی ئێمەدا لە حاڵی ڕووخاندایە و بارودۆخ بۆ سەرهەڵدانی تۆفانێکی کۆمەڵایەتی لە ئێران بەخێرایی ئامادە دەبێت. ئێستا ئیتر بۆ خەڵکی ئێران و تەنانەت پشتیوانانی عەلی خامنەییش وتەکانی سەبارەت بە بایەخە ئیسلامییەکان بێ بایەخ بوون”.

تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co