بەپێی ڕاپۆرتەکان، “ئەحمەد عەلیزادە” مامۆستای وەرزشی خوێندنگا دواناوەندییەکانی ئابدانان، لە لایەن لقی یەکی دادگای ڕژیم لە ئیلام، بە زیندان و سزای تەکمیلییەکان مەحکووم کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو لە لایەن دادگاوە بە تۆمەتی “دروستکردنی دەستە و گرووپی زیاتر لە دوو کەس بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتی وڵات” بە شەش ساڵ و ڕۆژێک زیندانی تەعزیزی و هەروەها بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام” بە ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیری، دوو ساڵ دوورخرانەوە لە کار، دوو ساڵ دوورخرانەوە بۆ شاری فنوج سەر بە پارێزگای سیستان و بەلوچستان و قەدەغەبوونی چالاکی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە ماوەی ٢ ساڵ مەحکووم کراوە. ئەم حوکمە ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕەشەممە بەم مامۆستایە ڕاگەیەندراوە و بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ پاش ڕاگەیاندنی دەکرێ لە دادگاکانی پێداچوونەوەی پارێزگای ئیلامدا پێداچوونەوەی بەسەردا بکرێ. جێگەی ئاماژەیە، خەرمانانی ئەمساڵ، ئەحمەد عەلیزادە، لە لایەن لێژنەی سەرەتایی بەدواداچوون بۆ تاوانە ئیدارییەکانی کارمەندانی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای ئیلام، بە تۆمەتەکانی “تێکدانی نەزمی گشتی، گوێنەدان بە موئمووران لەکاتی بەڕێوەبردنی ئەرکەکەیان، تێکدان و ئاگرتێبەردانی شوێنەکانی شار و لیدەربوونی حەشیمەتی تێکدەری ئاسایشی گشتی وڵات” خانەنشین کرابوو. ئەحمەد عەلیزادە، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕەزبەر لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.