خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان!
لاوان، ژنان، کرێکاران و بنەماڵەی بەڕێزی گیان بەختکردووان!
سڵاو و درودی سەمیمانەی ئێمەتان پێشکەش.
ساڵی تازە لە هەموو ئێوە ئازیزان پیرۆز بێت. ئێوە خەڵکی قارەمانی کوردستان، لەماوەی ساڵێک کە تێپەڕی، نموونەی بوێری، خەباتکاری، ئازایەتی و ڕۆشنبینی بوون. دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری مەهساوە، یەکەمین چەخماخەی ناڕەزایەتیی بوو کە دەستی کرد بە درەوشانەوە و سەرنجی هەموو دنیای بەرەوخۆی ڕاکێشا. دەنگی ڕەسای مافخوازیی خەڵکی ئێران، جیهانی بووەوە و ملیۆنان کەس ڕێزیان لە ژنانی ئازادیخواز و خەڵکی خەباتکاری ئێران گرت و پەیامی هاوپشتیی خۆیان ئاراستەی ئێوە ئازادیخوازان کرد.
مانگرتنی بەرین و یەکگرتووانەی ئێوە خەڵکی کوردستان، خەباتی سەنگەر بە سەنگەری ئێوە کچان و کوڕانی لاو لە کوردستان، سەنگەرێکی قایمی ئەم ئاخێزە بوو. هێرشی وەحشیانەی حکوومەت و کوشتن و بریندارکردنی سەدان کەس، دەرد و ئازاری لەدەستدانی ئازیزان نەیتوانی بەربە ئیرادەی پۆڵایینتان بگرێ. فەرمانی ڕووخاندنی دەسەڵات کە بەتایبەت هەر لە ڕۆژانی سەرەتای هاتنە سەرکاری ئەم جەلادانە، لە کورستانەوە دەرکرا، ئەمجارەیان بە هێزێکی زۆر زیاترەوە پێشڕەویی کرد و کوردستان لەپەنا بەلووچستان و تەورێز و تاران و هەموو ئێران بەشێکی گرینگ لەم خەباتە بوو لەپێناو ڕووخاندنی دەسەڵاتی نگریس و سەرکوتگەری ئیسلامی.
خەباتی بەردەوامی ساڵی ڕابردوو بەدوای ئاخێزی ژینا بە هەموو هەوراز و نشێوەکانیەوە، سەلمێنەری گەشەی وشیاری خەڵک، نەمانی ترس لە دیکتاتۆری زاڵ و هێنانەگۆڕی دروشم و داخوازیی ڕادیکاڵ و پێشکەوتوو بۆ داهاتوو بوو. لەم خەباتەدا سەدان ئازیز گیانیان بەختکرد و هەزاران تێکۆشەری ڕەزمەندە، هەڵسووڕاوی کرێکاری، مەدەنی، کۆمەڵایەتی و سینفی، زیندانی کران و ئەشکەنجە دران. بەڵام هەموومان دەزانین بۆ پێکهێنانی ژیانێکی ئینسانی و شیاوی مرۆڤی سەدەی بیست و یەک، پێویستە ئەم دەسەڵاتە نەمێنێت. داستانی خەباتی ئێوە بۆ کۆتایی هێنان بە تەمەنی نگریسی دەسەڵاتی ئیسلامی لە هەمان حاڵدا داستانی پووچەڵکردنەوەی پیلانی دەوڵەت و جەریاناتێکی نامۆ لەگەڵ داخوازیی خەڵکن کە بەتەمان خەباتی گیانفیدایانەی ئێوە بەلاڕێدا بەرن. بێگومان بۆ دروستکردنی داهاتوو هیچ ڕێگایەک بێجگەلە ڕۆشنبینی سیاسی و ڕێکخستن و سازماندان بوونی نییە.
هەوڵێکی موسبەتی دیکە لەم ڕاستایەدا، بەخۆشیەوە بڵاوبووکردنەوەی عەلەنیی مەنشوورێکی ڕادیکاڵ و پێشکەوتنخواز و یەکگرتوویی بەخشە لەلایەن ٢٠ سازمان و ڕێکخراوی کرێکاری، مەدەنی، و سینفی کە چاوەڕوانیی کۆمەڵگە و ڕێگای وەدیهێنانی لەم قۆناغەدا بەیان کردووە. ئەم مەنشوورە بەڵگەیەکە بۆ یەکگرتن و خەبات.
ئێمە وەک بەشێک لە گوردانی خەبات بۆ ڕزگاری، لە بەرابەر جەسارەت و فیداکاریتان لە خەیابان، لە بەرابەر پایەداری و خۆڕاگریتان لە زیندان، لە بەرابەر ئیرادەی پۆڵایینی بنەماڵەی گیان بەختکردووان و لە بەرابەر هاوپشتی و هاودڵیتان لەگەڵ یەکتر و باقیی داهێنانەکانتان سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنین و هیوادارین لە ڕۆژانی دەستپێکی ساڵی نوێدا بنەماڵەی ئازیزانی گیان بەختکردوو بەتەنیا نەهێڵینەوە.
خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان
بەرانبەر بە فەرهەنگ و سیاسەتی ڕژیمی ئیسلامی کە هەمیشە پەرەپێدەری غەم و ماتەمین و گریان بووە، پێویستە ئاڵای شادی و ئازادی بەرز بکەینەوە. شادیی ئێوە لە ڕۆژانی سەرەتای ساڵی نوێدا یەکێک لە دیمەنەکانی ئیرادەی پۆڵایینی ئێوەیە لەپێناو ڕزگاری و ئازادی. بۆ جارێکی تر ساڵی نوێ و نەورۆز لە ئێوە خەڵکی قارەمانی کوردستان پیرۆزبایی دەکەین و بەهیوای ئەوەیکە ساڵی داهاتوو و نەورۆزێکی تر، جێژنی شادی و سەرکەوتنی یەکجاری و ڕزگاریی خەڵکی ئێران بێت.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
٢٦ی ڕەشەممەی ١٤٠١ بەرابەر لەگەڵ ١٧ی مارسی ٢٠٢٣