قەیرانی قووڵ و داڕمانی ئابووریی کۆماری ئیسلامی و بەرینایی هەژاری و فەلاکەتێک کە بەسەر زۆربەی خەڵکی ئێرانیدا سەپاندووە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئاخێزی جەماوەری ئێران بووە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا کە پێگەی ڕژیمی یەکجار لاوازتر کردووە. ئێستا کۆماری ئیسلامی بۆ خۆدەربازکردن لەم قەیرانە و داڕمانە دەست بە داوێنی چین بووە تا بە نێوبژایەتیی ئەم دەوڵەتە بتوانێ پەیوەندی دیپلۆماتیک لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە بەتایبەت دەوڵەتانی خاوەنی نەوتی کەنداو دەست پێبکاتەوە. ئەم بابەتە چرای سەوزی ڕژیمە بە ئەمریکا و دەسەڵاتە ئورووپاییەکان تا نیشانی بدات کە بەکردەوە یەکێک لە مەرجەکانی ڕێکەوتنی بەرجام واتە دەخاڵەت نەکردن لە کاروباوی وڵاتانی ناوچەکەی وەلا ناوە. سیاسەتێک کە کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنیەوە بە پێکهێنانی دەستەجات و گرووپە تیرۆریستیەکان وەک ستراتێژییەک بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی گرتوویەتە بەر.
ئاکامی ئەم ستراتێژییەی ڕژیم هەتا ئێستا بێجگەلە کوشتاری سەدان هەزار کەس لە عێراق، سووریە، یەمەن، لوبنان، ئەفغانستان و باقیی وڵاتەکانی تری ناوچەکە و وێرانی و ئاوارەیی ملیۆنان کەس، هەزینە کردنی سەدان ملیارد دۆلار لە بەرهەمی ڕەنجی کاری کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشی ئێران بووە بۆ دابینکردنی پێداویستی و چەک وچۆڵی ئەم گرووپە کۆنەپەرست و تیرۆریستانە. بردنەدەرەوەی بڕە پارەیەکی بەرین لە چەرخەی ئابووری بۆ بەڕێوەبردنی ئەم سیاسەتە، خۆی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی قەیران و داڕمانی ئابووری و داسەپاندنی گرانی و هەژاری و نەهامەتی بووە بەسەر کرێکاران و جەماوەری بێبەشی ئێران.
سیاسەتی دەخاڵەتی ڕژیمی ئیسلامی بەتایبەت لە وڵاتانی خاوەن نەوت و ستراتێژیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرەوووڕی کاردانەوەی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری بووەتەوە و تەحریمەکانی ئەمریکا، دەوڵەتانی ئورووپا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی دژبە کۆماری ئیسلامی لێکەوتووەتەوە. داسەپاندنی ئەم تەحریمانە کە ڕاستەوخۆ لەسەر ژنان و گوزەرانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران کاریگەریی داناوە، بە نەوبەی خۆی یەکێک لە هۆکارەکانی پەرەپێدەری قەیرانی ئابووری و هەژاری و برسیەتی خەڵکی ئێران بووە.
لە وەها بارودۆخێکدا واژۆی گرێبەستی سەدان ملیارد دۆلاریی چین لەگەڵ وڵاتانی خاوەن نەوتی کەنداو بۆ وەبەرهێنان لەم ناوچەیە لە جەرگەی لاوازبوونی دەسەڵاتی ئابووری ئەمریکا، پێویستی بە سەقامگیری و ئارامی ناوچەکەیە تا چەرخەی سەرمایە و قازانج بەردەوام بێت. بەم ئامانجە بەدوای سەفەری “شی جین پینگ” سەرۆک کۆماری چین لە مانگی دێسامبری ڕابردوو بۆ عەرەبستانی سعوودی و بەشداری لە کۆبوونەوەی شۆرای هاوکاریی کەنداو، چین کۆماری ئیسلامیی بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ عەرەستانی سعوودی خستووەتە ژێر گوشارەوە. گوشاری چین بۆسەر کۆماری ئیسلامی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی و کەمکردنەوەی گرژی لە ناوچەکە لە هەمان حاڵدا فرسەت و ئیمتیازێک لەلایەن چینەوە بە عەرەبستان بە حیساب دێت تا خۆی لە شەڕی نیابەتی و پڕ هەزینە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە یەمەن ڕەها بکات. بۆ چینیش فەزایەکی ئەمن و بەدوور لە تەشەنوج بۆ سەرمایەگوزاری و ئیجراکردنی قەراردادەگان لە نێوان ئەم دوو وڵاتە پێک دێنێت. چونکە کۆماری ئیسلامی هەمیشە یەکێک لە هۆکارەکانی پێکهێنانی نائارامی لە ناوچەکە بووە.
ئاساییکردنەوەی پەیوەندی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ عەرەبستان و باقیی دەسەڵاتەکانی کەنداو ئەگەرچی بەمانای شکستی سیاسەتە ستراتێژییەکانی ڕێبەریی سپای پاسداران و خامنەییە، بەڵام بەسەرنجدان بە ئاڵۆزیی بارودۆخی ئابووری و سیاسی و مەترسیی ڕووخانی ڕژیم بەهۆی پەرەسەندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، بژاردەیەکی تر بێجگەلە قەبووڵکردنی خواستی چین و نۆشینی جامی ژەهرێکی تر بۆ کۆماری ئیسلامی نەماوەتەوە. خامنەیی و ڕێبەریی سپای پاسداران، ڕۆژی ١٩ی ڕەشەممە، پاسدار عەلی شەمعخانی نوێنەری خامنەیی و “دەبیری شۆرای ئەمنیەتی میللی”یان وەک سەرۆکی هەیئەتێک لە بەرپرسانی باڵای وەزارەتی ئیتلاعات و سازمانی ئیتلاعاتی سپا بۆ واژۆکردنی بەڵگەیەکی نوێی پەیوەندی ڕژیم لەگەڵ عەرەبستان ڕەوانەی چین کرد تا کۆماری ئیسلامی نەتوانێ دواتر سەرپێچی لێ بکات.
لە درێژەی نومایشی گۆڕینی سیاسەتی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، ڕۆژی ٢٥ی ڕەشەممە عەلی شەمعخانی و هەیئەتێک چوونە ئیمارات و ڕۆژی ٢٨ی ڕەشەممەش بۆ بەڕێوەبردنی بەناو “سیاسەتی ستراتێژی دیپلۆماسیی دراوسێ و چاککردنەوەی پەیوەندی برایەتی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی” سەردانی بەغدایان کرد. لە کردەوەیەکی هاوشێوەدا ڕۆژی ٢٠ی ڕەشەممەش هەیئەتێکی پەرلەمانی لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە بۆ بەحرەین سەفەری کرد. بەحرەین وڵاتێکی تری کەنداوە کە بەهۆی دەخاڵەتی کۆماری ئیسلامی و تەقویەت و هاندانی شیعەکانی ئەم وڵاتە پەیوەندییەکی یەکجار موتەشەنجی لەگەڵ ڕژیمی ئیسلامی بووە.
خامنەیی و سپای پاسداران گشت ئەم هەوڵە دیپلۆماتیکانەیان لەسەر سەری دەوڵەتەوە ئەنجام داوە و ڕەئیسی و وەزیری دەەرەوەیان بەحیساب نەهێناوە. هاوشێوەی هەمان ڕەفتاڕ کە لەگەڵ ڕووحانی و زەریف کردیان. سیاسەتی نوێی کۆماری ئیسلامی واتە ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو و هاوکاری و تەعامول لەگەڵیان، شکستی ستراتێژی و سیاسەتێکە کە لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا خومەینی و خامنەیی تەئیکد و پێداگرییان لەسەر کردووە. خومەینی سەردەمدارانی سعوودی بە وەهابیە کافرەکان، دەست نیشاندەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، میراتگران و ڕێڕەوانی یەزید و ئەبوسۆفیان و خائنین بە ئیسلام وەسف دەکرد. خامنەییش ساڵی ڕابردوو حاکمانی عەرەبستانی بە “گورگی خوێنخۆر” تەوسیف کرد کە خەریکی سەربڕینی خەڵکی یەمەنن. ڕۆژنامەی کەیهان زمان حاڵی ئۆسوولگەرا توندڕەوکان و نزیک بە خامنەیی و سپای پاسداران کە چەند ساڵ لەمەوبەر هێرشی عەواملی حکوومەتی بۆسەر باڵوێزخانەی عەرەبستان لە تارانی بە “پاک کردنەوەی نەنگی پەیوەندی لەگەل ئالی سعوودی” باس دەکرد، ئێستا شەیادانە، ڕێکەوتنی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ عەرەستانی سعوودی بە “زەربەی قورس لە ئەمریکا” توسیف دەکات. کەماڵ خەڕازی ڕاوێژکاری خامنەییش هەفتەی ڕابردوو لە دێمێشق بۆ تەئید و پاساوی نوێکردنەوەی پەیوەندییەکانیان وتی “پادشاهیی عەرەبستانی سعوودی وڵاتێکی گرینگ و کاریگەرە لە جیهانی ئیسلامدا”.
خامنەیی و کادری ڕێبەریی سپای پاسداران کە بەرپرسیارن لە ئاکامەکانی ستراتێژی زێدەخوازانە و وێڕانگەر و دەخاڵەتگەری لە وڵاتانی ناوچەکە لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوو، لەئێستادا و لەگەڵ شکستی ئەم ستراتێژییە، خامنەیی لە بەشێک لە وتارە نەورۆزییەکەیدا هەوڵی دا پاکانە بۆخۆی بکات و ئەم شکستە سەرشۆڕانەیە لەژێرناوی وجوودی زەعف لە وەزارەتی دەرەوە پەردەپۆشی بکات. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ئەو و فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران تەنیا خۆیان لەبواری پەیوەندییەکانی دەرەوەدا سیاسەتیان داڕشتووە. سیاسەت گەلێک کە بۆ ژیان و مەعیشەتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا کارەساتبار بووە. بێگومان کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و ستەمدیدەی ئێران تەنها بە ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە سەرمایەدارییە ئیسلامیە دەتوانن ڕێگایەک بۆ ڕزگارکردنی خۆیان لەم ژیانە مەشەقەتبارەی ئێستا بدۆزنەوە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە