شیلان کوردستانی”، چالاکی بواری مافی ژنان و خەڵکی شاری سنە کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە لەمشارە دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دادگای ڕژیمەوە بە ٤٠ مانگ زیندان مەحکووم کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، شیلان کوردستانی، وەرگێڕ و چالاکی بواری مافی ژنان لە کۆتاییی مانگی ڕەشەممەی پارەکە و لە لایەن لقی یەکی بێدادگای ڕژیم لە شاری سنە بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە گرووپی نایاسایی ژیوانۆ” سزای دوو ساڵ و ٩ مانگ زیندان و هەروەها بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی نیزام” سزای ٧ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە. جێگەی ئاماژەیە، ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ١ی خەزەڵوەری پارەکە، پاش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی دایەگەورەی، لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری سنە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیمەوە ڕفێندرا. شیلان کوردستانی پاش دوو حەفتە دەستبەسەربوون لەو ناوەندە، بە دانانی بارمتە تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.