ڕۆژی ٩ی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، ٩ کەس لە کەسایەتییە خۆشەویست و ناسراوەکانی شاری سنە، ٩ چالاک و تێکۆشەری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، ٩ خەباتکاری کۆمۆنیست و ئینساندۆست هاوڕێیان: فایزە قۆتبی، گوڵڕیز قۆبادی، فەریدە زەکەریایی، جەمیل زەکەریایی، جەمیل سەجادی، ئیسماعیل عەلی پەنا، ڕەئوف کەمانگەر، ئەسعەد وەزیری و فەتحوڵڵا لوتفوڵڵا نەژادیان گیانی خۆیان لەڕێگای ئامانج و ئارمانە ئینسانییەکانیان فیدا کرد. ٩ی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٨ بۆ خەڵکی کوردستان، بەتایبەت بۆ خەڵکی تێکۆشەری سنەی سوور، وەبیرهێنەرەوەی ڕۆژانی غەم و لە هەمانحاڵدا وەبیرهێنەرەوەی هاوپشتیی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانە لەگەڵ خەباتی باقی ستەملێکراوانی هاوچارەنووسیان لە شوێنەکانی تر.
سەرەتاکانی بەهاری ساڵی ١٣٥٨ کە ڕاپەڕینی جەماوەری خەڵکی ئێران بارگە و بنەی دیکتاتۆری و ستەمی ڕژیمی پەهلەویی تێکەوەپێچابوو، لە بارودۆخێکدا کە هێستا دوو مانگ لە هاتنە سەر کاری ڕژیمی ئیسلامی تێپەڕ نەببوو و لە هەلومەرجێکدا کە هێستا گوڕوتینی شۆڕش و و جۆش و خرۆشی خەڵکی شۆڕشگێڕ و ڕاپەڕیوی ئێران بۆ گەیشتن بە ئامانج و داخوازییە وەدینەهاتووەکانیان لە ئارادابوو، خەڵکی ستەملێکراو و مافخوازی تورکەمەن سەحرا لەڕێگەی ڕێکخستنی شۆراکانیانەوە بەرانبەر بە ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو دەستیان دایە موقاومەت و بەرەنگاربوونەوە و خەبات. بەڵام ڕژیمی ئیسلامی کە هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنیەوە سوور بۆ لەسەر سەرکوتکردنی شۆڕش و خەڵکی ئازادیخواز و ڕاپەڕیوی ئێران، سەرەتا بەپێی پیلانێکی جەنایەتکارانە و خوێناوی چوار کەس لە ڕێبەرانی خەباتی خەڵکی تورکەمەن سەحرای بە ناوەکانی (شیر محەممەد درەخشەندە ناسراو بە توماج، عەبدولکەریم مەختوم، حسێن جرجانی و محەممەد واحدی)ی کوشت و پاشان هێرشی کردە سەر تورکەمەن سەحرا و بەوپەڕی وەحشیگەرییەوە دەستی کرد بە سەرکوتی خەڵکی ئازادیخواز و دەستکەوتەکانیان. خەڵکی خەباتکار و مافخوازی تورکەمەن سەحرا بەرانبەر بەم هێرشە و بۆ دیفاع لە ئازادی و مافە ڕەواکانی خۆیان دەستیان دایە موقاومەت و خۆڕاگری.
لە هەمان حاڵدا لە کوردستانیش موقاومەتێکی بەرین و جەماوەری بەرانبەر بە داگیرکاریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەئارادابوو و ڕۆژ بەر ڕۆژ زیاتر گەشەی دەکرد و ڕادیکاڵتر و سازماندراوتر دەبووەوە. کۆمەڵە کە خەباتی خەڵکی بێبەش و ستەمدیدەی تورکەمەن سەحرای بە عادڵانە و ڕەوا دەزانی، یارمەتی و پشتیوانی لەم حەرەکەتە مافخوازانەیەی بە ئەرکی خۆی زانی و هاوپشتیی لێبڕاوانە و کردەوەیی خۆی لەوەدا بینی کە دەستبەجێ یارمەتییان بدات. لە وڵام بە وەها زەروورەتێک، کۆمەڵە بەیارمەتی و پشتیوانیی بێدەریغی خەڵک لە کەمترین کاتدا بە پێکهێنانی تیمێکی پزیشکی نۆ کەسی و بە دابینکردنی دەرمان و ئیمکاناتی پێویست لەم بوارەدا، کاروانێکی یارمەتیی خەڵکی شاری سنەی بۆ خەڵکی تورکەمەن سەحرا سازماندا و ڕەوانەی ئەم ناوچەیەی کرد.
ئەم تیمە پزشکییە کە بە گوڕوتینی شۆڕشگێڕانەوە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی بێبەش و جەماوەری خەباتکار و مافخوازی تورکەمەن سەحرا دژبە کۆنەپەرستی و دیکتاتۆریی ئیسلامی کەوتبووە ڕێ، بەداخەوە نەگەیشتە شوێنی مەبەست و لە ڕێگادا بەهۆی کارەساتێکی هاتووچۆوە هەموو هاوڕێیان گیانیان بەختکرد. تەرمی ئەم ئازیزانە لەناو غەم و پەژارەی بەرینی خەڵکی شاری سنە و ناوچەکانی دەوروبەر و بە بەشداریی دەیان هەزار کەس لە جەرماوەری خەڵکی کوردستان بە خاک سپێردرا. بەڵام هیچکات یادو بیرەوەرییان لەبیر نەکرا.
ئەوانەی کە لە نزیکەوە ئەم هاوڕێیانەیان دەناسی، دەزانن کە مەرگی ئەم ئازیزانە لەو سەردەمدا و لە ڕۆژ و مانگەکانی سەرەتای شکڵگرتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و لەو قۆناغە هەسیارەدا چ غەمێکی ناخهەژێن و چ خەسارێکی گەورە بوو. زۆرێک لە خەڵکی شاری سنە و ئاواییەکانی دەوروبەر ئەم ئازیزانەیان دەناسی. هەرکامیان لەبواری کۆمەڵایەتیی جۆراوجۆرەوە چالاکانیان دەکرد. ئەوان کرێکار، موعەلیم، فەرهەنگی و پزیشک بوون. خەڵکی شار و دێ لەگەڵ سیمای خۆشەویستیان لەگەڵ زەحمەتی شەووڕۆژیان و لەگەڵ دڵسۆزیی بێ چاوەڕوانییان ئاشنابوون. ئەوان ئەو مرۆڤە دەردئاشنایانە بوون کە ژیانیان بۆ ڕزگاریی ئینسان لە ستەم و چەوسانەوە تەرخانکردبوو و هەر بەم ئەنگیزەشەوە چووبوونە ناو ئەم تیمەوە. ئەوان خزمەت بە ستەملێکراوان و بێبەشانیان لەماوەی ژیانی خەباتکارانەیاندا تەجروبە کردبوو و هەربۆیە وجوود و حزووریان لە هەموو شوێنێک کاریگەر بوو. ئەوان ئەمجارەیان ویستبوویان بۆ خزمەت بە خەباتێکی مافخوازانەی دیکە لە گۆشەیەکی تری ئەم گۆی زەوییە دەرکەون و خۆبەخشانە ئەم مەئمووریەتەیان هەڵبژاردبوو.
ئەم مرۆڤە شۆڕشگێڕ و فیداکارانە زۆر لەوەیکە هەتا ئەوکات نیشانیان دابوو، زەرفیەت و توانای خەباتکارییان بوو. بەداخەوە هەڵسووڕان و فیداکارییان زۆری نەخایاند کە بتوانن لەسەر ڕەوتی خەباتی جەماوەری ناڕازی دژبە دەسەڵاتی ئیسلامی زیاتر کاریگەر بن. ئەگەرچی ئەوان زۆر زوو گیانیان بەختکرد، بەڵام مەرگیان دەرسێکی گەورەی لە هاوپشتی و وەفاداری بە ئارمانی یەکسانیخوازی و ئینساندۆسی بەجێ هێشت و ناویان بۆ هەمیشە لە مێژووی خەباتی کۆمۆنیستەکان و خەڵکی ستەمدیدە و مافخوازی کوردستاندا دەمێنێتەوە.
یاد و بیرەوەریی ئەم ئازیزانە لەناو دڵی خەڵکی تێکۆشەر و جەماوەری ستەملێکراو و مافخوازی سەرانسەری ئێران و لە مێژووی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و لە مێژووی خەباتی خەڵکی تورکەمەن سەحرادا بۆ هەمیشە زیندوویە. بەرز و بەڕێز بێت یادی هاوڕێیان فایزە قۆتبی، گوڵڕیز قۆبادی، فەریدە زەکەریایی، جەمیل زەکەریایی، جەمیل سەجادی، ئیسماعیل عەلی پەنا، ڕەئوف کەمانگەر، ئەسعەد وەزیری و فەتحوڵڵا لوتفوڵڵا نەژادیان. با بە درێژەدانی ڕێگایان یادیان بەرز ڕاگرین.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە