فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

نەرگس محەمەدی: ئێمە لێبوردنی حکوومەتمان ناوێت، دەبێت کۆتایی بە کۆماری ئیسلامی بێت
چوارشەممە ۰۹-۰۱-۱۴۰۲   |  29-03-2023

نەرگس محەمەدی” چالاکی مافی مرۆڤ و زیندانی سیاسی، لە پەیامێکدا ڕوو لە کۆبوونەوەی شورای مافی مرۆڤ لە ژێنێف،ڕایگەیاند: “ئێمە  لێبوردنی حکوومەتمان ناوێت. لە ڕوانگەی ئێمەوە دەبێت کۆتایی بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بێت و چاوەڕوانیمان لە ئێوە پاڵپشتی و یارمەتیدانە.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەم دەقە نووسراوەدا کە لە پشت دیوارە بەرزەکانی زیندانی ئێڤینەوە نووسراوە، جەختی کردووەتەوە وەک ژنێکی زیندانی و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە ناو زیندانی ئێڤینەوە بەو کۆبوونەوەیە ڕادەگەیەنێت ئامادەیە “لە هەر کات و شوێنێکدا شایەتی لەسەر دەستدرێژی و ئازاری جەستەیی و سێکسی ژنان هەروەها ئازار و ئەشکەنجە جەستەییەکانی ناو ژوورە تاکە کەسییەکان” بدات. 

نەرگس محەمەدی لێبوردنی زیندانیانی سیاسی لە ئێران بە فەرمانی ڕێبەری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە هەوڵێکی نمایشی زانی و وتی: ئەم هەوڵانە  “ٚنەک تەنیا لەسەر بنەمای دەرکردنی ڕوانگەی سازشکارانە یان سووڕانێک بەرەو سیاسەتەکانی مافی مرۆڤ نییە بەڵکوو بە مەبەستی بەکارهێنانی شێوەیەکی فریوکارانە بۆ فریودانی وڵاتی ڕۆژئاوایی، ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و شورای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانە.” 

ناوبراو لە درێژەدا جەختی کردەوە کە شەش کەس لە ژنانی بەندکراو لە بەندی نسوانی زیندانی ئێڤین کە بەر ئەم “لێبوردنە نمایشی”یە کەوتوون و لە کاتی ئازادیدا لەچکەکانیان لابردووە و دروشمی مرگ بۆ دیکتاتۆریان وتووەتەوە بۆ جارێکی دیکە بانگهێشت کراون. ژمارەیەکی دیکەش لە بەندکراوان بە هۆی دژایەتی ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە، ئازاد نەکراون.