ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە ڕۆژی سێشەمە ٨ی خاکەلێوە بڵاوکرایەوە، بە هۆی گرتنەبەری بۆچوونی دوولایەنە بەرامبەر مافی مرۆڤ ڕەخنەی لە وڵاتانی جیهان گرت.
لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە سەرکوتی دڕندانەی مۆخالفانی حکوومەتەکانی سەرتاسەری جیهان و هەروەها ڕژیمی ئیسلامی کراوە و لەوێدا هاتووە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ڕاپەڕینی بێوێنەی خەڵک بە دژی دەیان ساڵ سەرکوتکردن، بە فیشەکی جەنگی و بە کردەوەی نایاسایی و هێز وڵام دایەوە.
ئەگنێس کالامارا، بەڕێوەبەری گشتی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە درێژەدا جەختی کردەوە؛ “ژنان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بە هۆی سەما کردن، گۆرانی وتن و بە هۆی بێ حیجابییەوە گیانیان لەدەست داوە.”
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، تا ئێستاش چالاکانی مافی مرۆڤ لە سعوودیا لە زینداندان و خەڵک بە هۆی بیر و بۆچونەکانیان لە دوای “دادگایی کردنی ناعادڵانە” زیندانی و ئەشکەنجە دەکرێن.
هەروەها چاودێری مافی مرۆڤ نووسی کە لە میسر، بە هەزاران داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، ڕۆژنامە نووس، ناڕازی و دژبەر لە زیندانەکاندا بەسەر دەبەن و “ئەشکەنجەدان بەربڵاوە”.