بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خاکەلێوە، وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئازەربایجان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە چوار کەسی تاوانبار بە تێرۆری ئەندام پارلمانێکی ئەو وڵاتە کە پێوەندییان لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا هەبووە، دەستبەسەر کردووە.
هاوکات ڕاگەیاندنەکانی ئازەربایجان بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەو کەسانە ڕایانگەیاندووە کە ئەو کەسانە بەردەوام سەردانی ئێرانیان کردووە و وێنەیان لەگەڵ قاسم سولەیمانی هەیە، هەروەها بەردەوام لە ڕێوڕەسمەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەشدار بوون.
فازڵ مستەفا، نوێنەری پارلمانی کۆماری ئازەربایجان، لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام ڕەخنەی لە سیاسەت و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئازەربایجان گرتبوو.
ناوبراو هەفتەی ڕابردوو کاتێک کە لە دووکانێکی نزیک ماڵەکەیان هاتووەتە دەرەوە، بە چەک هێرشیان کردووەتە سەری و دوو گوللـەی بەر کەوتووە.