شەوی چوارشەمە ۱٦ی خاکەلێوە، هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی لە دایک بوونی “حەمیدڕەزا ڕوحی”، لە گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ئەم دواییانە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ناوچەی شەهری زیبا لە تاران بەڕێوەچوو.
سەرەڕای جێگیر بوونی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیم لە دەوروبەری ماڵی حەمیدڕەزا ڕوحی ئەم کۆبوونەوە لەم ناوچەیەدا بەڕێوەچوو.
شەوی چوارشەمە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز هاتنە ناو شەقامەکانی شەهری زیبا و دروشمەکانی “ئەمە دوایین پەیامە، ئامانج کوللی نیزامە”، “ئەمساڵ ساڵی خوێنە، سەی عەلی سەرنگونه”، “حەمیدرضا میجنگیم، خونتو پس میگیریم”، و “حمیدرضا نمرده… سیدعلیه که مرده”یان وتەوە.
حەمیدڕەزا ڕوحی، لاوێکی ۱۹ ساڵان و خوێندکاری عومران لە زانکۆی ئازاد لە شەهرقودس بوو کە لە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکاندا لە ڕۆژی پێنجشەمە ۲٦ی خەزەڵوەری ۱٤۰۱، لە ناوچەی شەهر زیبا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی بەختکرد.
هاوکات گرتە ڤیدیۆیەک لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی لە دایک بوونی “ئارام حەبیبی”، لە گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە لە لایەن “دایکانی شۆڕش” بەدەستمان گەیشتووە.
ئارام حەبیبی لە کۆبوونەوەیەکدا کە بۆ ئەسپەردەکردنی “داریوش عەلیزادە”، لە ڕۆژی ۲٦ی خەزەڵوەر، لە شاری سنە بەڕێوەچوو، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە جینایەتکارەکانی ڕژیم گیانی بەخت کرد.
خەلکی ئازادیخواز لە ڕێوڕەسمی لە دایک بوونی ئەم گیانبەختکردووەدا بە بەدەستەوەگرتنی وێنەی گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی دروشمەکانی: “شەهید نامرێت ، مەرگ بۆ خامنەیی” و “ئەمسال سالی خوێنه، سەی علی سەرنگونه”یان وتەوە.