گۆڤاری “پۆلیتیکۆ”، لە ڕاپۆرتێکدا بە پشتبەستن بە سەرچاوە دیپلۆماسییەکان کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت نوسیویەتی: کۆماری ئیسلامی بۆ وەرگرتنی مەوادی تایبەت بۆ سووتەمەنی مووشەکە بالیستیکییەکان بە شێوەی نهێنی لەگەڵ وڵاتانی چین و ڕووسیە خەریکی دانوستانە.
لە ڕاپۆرتی ئەم گۆڤارەدا کە ڕۆژی چوارشەمە ٢٣ی خاکەلێوەدا بڵاو کراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە ڕژیمی ئیسلامی لە حاڵی دانوستانی نهێنی لەگەڵ چین و ڕووسیە دایە تا پێکهاتەیەکی گرینگی کیمیایی بە ناوی “پەرکلۆرات ئەمۆنیۆم” کە لە سووتەمەنی مووشەکە بالستیکەکاندا بەکار دەهێنرێت وەربگرێت. هەبوونی ئەم پێکهاتە کیمیاییە گرینگییەکی زۆری هەیە بۆ پاڵنانی مووشەکە بالیستیکییەکان، پەرکلۆرات ئەمۆنیۆم بەشی سەرەکی سووتەمەنی جامدی مووشەکەکانە و زۆربەی کاتەکان بۆ بەشی نیزامی بەکار دەهێندرێت. ئەو شارەزایانەی کە پۆلیتیکۆ وتووێژی لەگەڵدا کردوون بەرواردیان کردووە ئەو ڕێژەیەی بۆ دابینکردنی پەرکلۆرات ئەمۆنیۆم دانوستانی لەسەر کراوە، تەواوە بۆ دروست کردنی هەزاران مووشەک لەوانە مووشەکی زولفەقار کە مەوادای ٧٠٠ کیلۆمەتری هەیە.