بەپێی ڕاپۆرتەکان، “گولڕۆخ ئیرایی” لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای تاران، بە ٧ ساڵ زیندان و سزا تەکمیلییەکان مەحکووم کراوە.
بەپێی ئەم حوکمە کە لە لایەن لقی ٢٦ی دادگا بە گولڕۆخ ئیرایی ڕاگەیەندراوە، ناوبراو بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و تەبانی” بە ٦ ساڵ زیندان و هەروەها بە تۆمەتی “پڕوپاگاندا لەدژی نیزام” بە یەکساڵ زیندان مەحکووم کراوە. هەروەها لە پێوەند لەگەڵ سزا تەکمیلییەکان، بە ٢ ساڵ قەدەغەی چوونەدەرەوە لە وڵات، ٢ ساڵ دوورخرانەوەی لە تاران، ٢ ساڵ بەشداری نەکردنی لە حیزب و گرووپەکانی سیاسی و زەوت کرانی تەلەفۆنەکەی مەحکووم کراوە. جێگەی ئاماژەیە، گولڕۆخ ئیرایی ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەزبەری پارەکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکان لە شاری تاران دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو ماوەیەکی زۆرە لە گرتووخانەکانی ئیتلاعات، پۆلیسی ئاگایی شاپوور و زیندانی قەرچەکی وەرامین ڕاگیراوە و لە ئێستادا لە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزی پارەکەوە، گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ئێڤین.