بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ئەنجامی تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزەکانی ڕژیم لە گوندی دانیال متل قو، لانیکەم دوو هاووڵاتیی گیانیان لەدەستدا،
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئیدارەی ئەوقاف لەڕێگەی چەندین بەڵگەی تەزویرەوە هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی هەزاران دۆنم لە زەوی و زاری خەڵکی ئەم ناوچەیەی بووە. ڕۆژی ڕابردوو جێگرایەتی سەرپەرەشتی گشتی وەرەستای گوندی دانیال متل قو، بە مەبەستی داگیرکردنی زەوییەک لەم گوندە، هەستاوە بە دانانی تەلبەند و کانێکس کە لەگەڵ ناڕەزایەتیی خەڵک بەرەوڕوو بووەتەوە. بەدوای ئەو کۆبوونەوەیە هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم هێرشیان کردووەتە سەر خەڵک و بەشێوەی ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کردووە. شایانی باسە، لە ئەنجامی ئەم تێکهەڵچوونە پێنج کەس لە خەڵکی ناڕازی برینداربوون و دوو هاووڵاتیی دیکەش گیانیان لەدەست داوە. خەڵکی ناڕازیش لە کاردانەوە بەم جەنایەتە، چەندین ماشێنی هێزی ئینتزامی و ماشێنی نوێنەری ئیدارەی ئەوقاف و هەروەها چەندین کانێکسی نیگابانی و ماڵی دەستەی ئەمینداری نووسینگەی وەرەستای گوندی “دانیال”یان لە ناوچەی سولەیمانشار لە پارێزگای مازەندەران ئاگر تێبەرداوە.