گیانلەدەستدانی پێنج کۆچبەر لە سنووری نێوان یونان و تورکییە
یەکشەممە ۲۷-۰۱-۱۴۰۲   |  16-04-2023
لە ئەنجامی ڕووداوێکی هاتوچوو لە نزیک سنووری یونان و تورکییە، پێنج کۆچبەر کە بەنیاز بوون خۆیان بگەیەنە یونان گیانیان لەدەستداوە.
پۆلیسی یونان ڕایگەیاندووە کە ئەم ڕووداوە لە ناوچەی “ئۆروس” لە نزیک سنووری ئەم وڵاتە لەگەڵ تورکییە ڕوویداوە. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری فەڕانسە، لەم ڕووداوە سەرەڕای گیانلەدەستدانی ئەم پێنج کۆچبەرە، هاووڵاتییەکی خەڵکی یونانیش گیانی لەدەستداوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم ڕووداوە کاتێک ڕوویداوە کە ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری ١٠ کۆچبەر بە مەبەستی ڕووبەڕوو نەبوونەوە لەگەڵ خاڵی پشکنینی پولیس بە خێرایەکی زۆر بەپێچەوانەی ئۆتۆمبێلەکانی دیکە لە جاددە دەڕۆیشت، خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێکی دیکە و وەرگەڕاوە.