لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ناوەندی حەراسەتی زانکۆی کوردستانی شاری سنە کە ناوەندێکی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیمە، بە هۆکاری ئەوەی کە پێی دەوترێت “ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ”، کۆمەڵێک لە کچانی خوێندکاری ئەو زانکۆیەی بانگ کردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حەراسەتی ئەو زانکۆیە وێڕای بانکگردنی ئەو خوێندکارانە کە هەڕەشەی لێیان کردووە، بەڵێننامەی نووسراوەی بە چەند خوێندکارێکیش واژۆ کردووە کە لە ئەگەری دووپاتبوونەوەی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ، لە دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن و زانکۆ بێبەری دەکرێن. پێویستە بوترێ کە هاوشێوەی هەوڵەکانی ئەو زانکۆیە لە زۆربەی زانکۆکانی دیکەی ئێران و کوردستاندا جێبەجێ کراوە؛ هەر لەم پەیوەندییەدا لە ماوەی ڕابردووشدا زانکۆی یەزد ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی بانگ کردووە و هەر بەو هۆکارەوە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن و زانکۆ بێبەری و بێبەشیانی کردووە.