ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خاکەلێوە، سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری دێهلۆڕان بە ناوەکانی عەزیم یادگاری، فارشاد ئایینی و حوسێن باپیروەند، لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕژیم لە شاری ئیلام بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی رژیم لە شاری دێهلۆڕان گواستراونەتەوە.
ئەو سێ هاووڵاتییە هاوکات لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی سەعەدوڵڵا ئایینی، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی خاکەلێوە، لەسەر بارودۆخی خۆیان و ناڕوونی چارەنووسیان و نوێکردنەوەی ماوەی دەستبەسەربوونیان بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە لەو بەندیخانەیە، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و مانیان لەخواردن گرتبوو.
بەپێی زانیارییەکان؛ گواستنەوەی ئەو سێ بەندکراوە بە بڕیاری شوورای دابینکردنی تەناهیی فەرمانداریی شاری دێهلۆڕان بووە و ئەو بڕیارەش ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی خاکەلێوە دراوە.
هەروەها سەعەدوڵڵا ئایینی، بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ، بەردەوام لەژێر گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکاندایە.
خەڵکی شاری دێهلۆڕان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەسەر دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییانە، لە پێش بینای فەرمانداری و دادگوستەریی ئەو شارە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ئەو ناڕەزایەتییانەیان بۆ شەقامەکانی شار گواستووەتەوە و داوای ئازادیی بێمەرجی ئەو چوار هاووڵاتییەیان کردووە. ئەو چوار کەسە، شەوی سێشەممە، ٢۵ی ڕێبەندانی پارەکە لەلایەن هێزەکانی رژیم لە شاری دێهلۆڕان ڕفێندراون و پاش لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ڕژیم لە ئیلام گواستراونەتەوە.