ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٥ی گوڵان بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئیسلامی لە ڕەوتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان، بە شێوەیەکی سیستماتیک منداڵانی کوشتووە و ئەشکەنجەی کردوون و هەندێکیشیانی بێسەروشوێن کردووە.
ئەم ڕاپۆرتە لەژێر ناوی “لە ئێران هێزە ئەمنییەکان منداڵان دەکوژن، ئەشکەنجەیان دەکەن و لاوە ناڕازییەکان بە شێوەی نایاسایی دەسبەسەر دەکەن”، لە ڕێگای وتووێژکردن لەگەڵ ڕێژەیەکی بەرچاو لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ئەو منداڵانەوە، ئامادە کراوە.
ئەم ڕێکخراوەیە بەپێی ئەو بەڵگانەی کە بەدەستی گەیشتووە ڕایگەیاند کە ئەم ڕەوتەی کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی گرتوویەتییە بەر، بەشێک لە مۆدێلێکی پێشێلکردنی جیددیی مافی مرۆڤ لەلایەن ئەو ڕژیمەوەیە.
ئەو ڕێکخراوەیە ڕایگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ڕەوتی سەرکوتکردنی بەربڵاوی ئاخێزە جەماوەریەکانی ئەم دواییە، وێڕای کوشتنی سیستماتیک و ئەشکەنجەکردن، دەستدرێژیشی کردوووەتە سەریان و ئەمە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤە. شایانی باسە کە لە ڕەوتی ئاخێزی شۆرشگێڕانەی خەلک، لە ئێران و کوردستان، دەیان منداڵ و لاو لەلایەن هێزە جینایەتکار و ئەمنییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ یان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان بەخت کرد.