فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

درێژەی هێرشە کیمیاییەکان بۆ سەر قوتابخانەکان لە کوردستان و ئیران
پێنجشەممە ۰۷-۰۲-۱۴۰۲   |  27-04-2023

لە نوێترین هێرشی کیمیاییی بەرنامەداڕێژراو بۆ سەر قوتابخانەکان لە کوردستان و ئێران،هێرش کراوەتە سەر ٧ قوتابخانەی دیکە لە شارەکانی چابەهار، سەقز، سنە، بۆکان، مەشهەد و گورگان و کۆمەڵێک قوتابی ژاراوی بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ۶ی گولان هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابخانەکانی سەرەتاییی کچانەی “تەقیزادە” و دواناوەندیی کچانەی “ڕێحانە” لە ناوچەی کەمب سەر بە شاری چابەهار لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان.

بەهۆی ئەم هێرشەوە کۆمەڵێکی زۆر لە قوتابییانی ئەو دوو قوتابخانەیە ژاراوی بوون و بە نشانەگەلێکی وەک ڕشانەوە، بە ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانەی “ئیمام عەلی” لە چابەهار گواستراونەتەوە.

لە درێژەی ئەم هێرشانەدا، قوتابخانەی “ئەسمائـ” لە شارۆچکەی فەرهەنگیانی شاری بۆکان کراوەتە ئامانج و کۆمەڵێک قوتابی ژاراوی بوون. لە کاتی ئەم هێرشەدا بەڕێوەبەریی ئەو قوتابخانەیە دەرگای قوتابخانەکەی بەسەر قوتابییاندا داخستووە و نەیهێشتووە قوتابییان بچنە دەرەوە.

هەروەها هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابیخانەی سەرەتاییی “ئیستقلالی ٢” لە شاری سەقز و کۆمەڵێک قوتابی بەهۆی ژاراویبوونەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.

لە ڕەوتی هێرشە کیمیایییە بەرنامەداڕێژراوەکاندا هێرش کراوەتە سەر قوتابخانەی کچانەی “مونفەسەل”ی شارۆچکەی سەڵواتاوای سەر بە شاری سنە و کۆمەڵێک قوتابی ژاراوی بوون.

هاوکات هێرشی کیمیایی کراوتە سەر قوتابخانەی دواناوەندیی کوڕانەی “شاهد” لە شاری گورگان و کۆمەڵێک قوتابی ژاراوی بوون و بە نیشانەگەلێکی وەک کوخە بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە. هەورەها  هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر پەیمانگەی کچانەی “مەهدیزادەنیا” لە ناوچەی قاسماوای شاری مەشهەد و کۆمەڵێکی زۆر لە قوتابییانی ئەو قوتابخانەیە ژاراوی بوون.