بەپێی گرتە ڤیدیۆکان و ئەو وێنانەی بە دەست سایتی کۆمەڵە گەیشتوون خانەنشینانی تەئمینی ئیجتماعی لە شاری ئەهواز لە یەکەمین ساتەکانی ڕۆژی دووشەممە ١١ی گوڵان، ڕۆژی جیهانی کرێکار بە هەڵگرتنی پلاکارد و وتنەوەی دروشم وێڕای بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی کرێکار و داواکارییەکانیان لە شەقامەکانی ئەم شارەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەڕێوەبرد.
لە یەکێک لەو گرتە ڤیدیۆیانەدا کرێکاران بە وتنەوەی دروشم بەرامبەر سیاسەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بواری ماف و حەقدەستی کرێکاراندا ناڕەزایەتیان دەربڕی.
سەرچاوەیەکی ئاگادار دەڵیت: “ئەمڕۆ هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە حاڵیکدا کە بەشێک لە هاوکارەکانی ئێمە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر وتە بێڕێزانەکانی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەیشەکەری حەوتتەپە ئەم پارێزگایە لەبەردەم ئۆفیسی بەڕێوەبەرایەتی کۆ بوونەوە، هێزەکانی حیراسەت و هێزەکانی دیکەی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە هێرش کراوەتە سەریان و تەێکهەڵچوون لە نیوانیاندا ڕووی داوە.”
هەروەها ئەم کەسە کەشی کۆمپانیای نەیشەکەری حەوت تەپەی ” زۆر ئاڵۆز و نائارام” وەسف کردووە. یەکیک لە کرێکاران دەڵیت: “مەگەر تەرمەکانمان لێرە ببرێتەوە دەرەوە. ناڕۆین تا عەبدولعلی بێت و داوای لێبوردن بکات. بۆچی وا بیر دەکەنەوە کە کرێکار بوونەوەرێکە کە هەر کەسێک بە هەر شێوەیەک کە حەزی لێیە بتوانێت قسەی لەگەڵ بکات؟”
هاوکات وێنەکان لە شاری سنە نیشان دەدات ژمارەیەک لە هەڵسووراوانی بواری مافی ژنان بە ئامادەکردنی پلاکارد بۆ کۆبوونەوەکانی ڕۆژی یەکی مەی لە شەقامەکانی ئەم شارەدا ئامادە بوون.
ئەم چالاکانە بە جەخت کردنەوە لەسەر “هاوڕێیەتی و یەکگرتوویی لەگەڵ کرێکاران لە مانگرتنەکان”دا لە شاری سنە بە گوڵی سوورەوە سەردانی کرێکاران و چالاکانی کرێکاریان کرد.