مەجید خادمی، دانیشتووی گوندی “تیلەکۆهی” سەر بە شاری بێهبەهان، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ماهشەهر، بە ١٠ ساڵ و یەک مانگ زیندانی تەعزیری و سزا تەکمیلییەکان مەحکووم کرا.
بەپێی حوکمێک کە ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوەی ئەمساڵ لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ماهشەهرەوە بەم هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە، ناوبراو بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و تەبانی بەمەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی” بە ٦ ساڵ و سێ مانگ زیندانی تەعزیری، بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام” بە ساڵێک و چوارمانگ زیندانی تەعزیری و هەروەها بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە گرووپەکانی دژبەری نیزام” بە دوو ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە. مەجید خادمی هەروەها سەبارەت بە سزا تەکمیلییەکانیش، بە دوو ساڵ نیشتەجێبوون لە شاری تەفت سەر بە پارێزگای یەزد، دوو ساڵ قەدەغەبوونی ئەندامەتی لە حیزب و گرووپە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها ناچاربوون بە بەشداری لە کلاسی تەوجیهیی “کارناسانی شارەزا” مەحکووم کراوە. جێگەی ئاماژەیە، مەجید خادمی وێڕای مێهران قەرەباغی ڕۆژی ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٨، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر و بۆ گرتنگەی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە لە بێهبەهان ڕاگوێزران.