لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئیدارەی
ئیتلاعاتی ڕژیم لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، وێڕای بانگکردن و هەڕەشەکردن لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی، بەڵێننامەیەک بە ناوەڕۆکێکی یاساییی ناڕوونەوە پێیان واژۆ کراوە کە لە هەر ئەگەرێکدا نابێت بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی داهاتوودا بکەن.
بەپێی زانیارییەکان، لە ماوە حەفتەی دووەمی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا، کۆمەڵێکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی، کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگ کران و بە زۆرەملێ بەڵێننامەیەکیان پێ پڕ کراوەتەوە بەبێ ئەوەی کە ناوەڕۆکی یاساییی ئەو بەڵێننامەیە ڕوون بێت، ئەو چالاکانەش بە مەبەستی بەشدارینەکردنیان لە ئەگەری هەر جۆرە ناڕەزایەتییەک و ڕاگرتنی چالاکییەکانیان، ناچار کراون کە ئەو بەڵێننامەیە واژۆ بکەن. شایانی باسە، جگە لەو چالاکانەی کە ڕابردوویەکی بەرچاویان هەیە و ناسراون، ئەو چالاکە دەستبەسەرکراوانەوەی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”یش کە پێشتر لە بەندیخانەدا بوون و کەوتبوونە بەر لێبوردن، دیسان سەرلەنوێ بانگ کراونەتەوە و ئەو بەڵێننامە بێ ناوەڕۆکەیان پێ پڕ کراوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە جیا لە بانگکردنی ئەو چالاکە مەدەنی و سیاسییانەی کوردستان، چڕبوونەوەی بارودۆخی میلیتاریزە کردنی شارەکانی کوردستان و بەردەوامیی گواستنەوەی چەکی قورس و نیوە قورس و جۆرەکانی تەقەمەنیی شەڕ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ شار و سنوورەکانی کوردستان و زیادبوونی نیگەرانیی لەسەر جموجۆڵە سەربازییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، هۆکاری دیکەی ئەو بانگکردن و هەڕەشە کردنانەن.