ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی جۆزەردان مەنسوورە سگوەند، تەمەن ٢٠ ساڵ، خوێندکاری بەشی یاسای زانکۆی ئازادی ئاودانان و ئەندامی فەخری هێزە نیزامییەکانی خوڕەمئاوا، دوای ڕاگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی بە مەبەستی “پەیوەست بوونی بە خەڵک”ەوە، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا و بەبڕوای چالاکانی مەدەنی ئەم کەسە لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە کوژراوە. پێش لە کوژرانی، مەسنوورە سگوەند لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی لەبەرانبەر کوشتنی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە ناڕەزایەتی دەربڕیبوو.
ناوبراو پێشتر چەند چالاکێکی مەدەنی و نزیکانی خۆی لەبارەی هەڕەشە بەردەوامەکان بەرانبەر دەستلەکارکێشانەوە و ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی ئاگادارکردبووەوە کە لە هەندێک لەو نامانەدا هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسیار لەبەرانبەر گیان و سەلامەتی خۆی زانیوە. لەیەکێک لە نامەکانیدا ئەم خوێندکارە نووسیویەتی: “لە ئێستادا خۆم لە شوێنێک شاردۆتەوە، درەنگ یان زوو دەمدۆزنەوە، ئەگەر هەر بەڵایەکیان بەسەرمداهێنا، دەمەوێت هەمووان بزانن کە من خۆم نەکووشتووە و ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەی کوشتنم لێدەکات”.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی کۆماری ئیسلامی “ئیرنا” لە زاری سەیدنوور عەلیمورادی، سەرۆکی فریاکەوتنی خێرای نەخۆشخانەی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئیلام لەبارەی مردنی ئەم کچە خوێندکارەوە بڵاوی کردەوە کە “ناوبراو تووشی وەستانی دڵ و هەناسەدان” بووە.
هەر لەم ڕاستایەدا پێشتر ناوەندە ئەمنی و حکوومەتییەکان هۆکاری مردنی ژمارەیەک لە گیانەبختکردوانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”یان بە خۆکوژی یان جەڵتەی دڵ ڕاگەیاندبوو و لەژێر زەبر و گوشاری زۆر، بنەماڵەی قوربانیانیان ناچار بەدانپێدانانی زۆرەملێ کردبوو کە ئەو شتانە بڵێنەوە کە ناوەندە حکوومەتییەکان داوای دەکەن.