ڕۆژی سێشەممە ١٦ی جۆزەردان، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، ١٣ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، وەکوو کۆبوونەوەی خانەنشینکراوانی ئیدارەی موخابراتی پارێزگاکانی خووزستان، سیستان و بەلووچستان، چوارمەحاڵ و بەختیاری، کرماشان، گیلان، خوراسان، فارس، ئیلام و سنە، لە بەردەم ئیدارەی موخابراتی پارێزگاکان بەڕێوە چوو.
هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی شاری تەفت لە پارێزگای یەزد لە بەردەم بینای فەرمانداریی ئەو شارە و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی دانیشتووی گوندی دانیال سەر بە شاری عەباس ئاوا لە بەردەم شۆرای گوند بەڕێوە چوو.
لەلایەکی دیکەوە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆی زانستی پزیشکیی کرماشان لە بەردەم بینای ئەو زانکۆیە و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک کادری دەرمانیی شاری یاسووج لە بەردەم بینای پارێزگای ئەو شارە بەڕێوە چوو.
هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، کرێکاران و کارمەندانی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی پۆڵای خوراسان مانیان گرت.