ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی جۆزەردان، پارلمانی بریتانیا لە کۆبوونەوەیەکدا سەبارەت بە لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوە بە سیاستەکانی وڵاتەکەی لەبەرانبەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، زۆربەی نوێنەرانی پارلمان بە ئاماژەدان بە هەوڵە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران لە ناوچەکە و جیهان، جارێکی دیکە داوایان کرد کە سپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێندرێت.
کلارک ئێسمیت، یەکێک لە نوێنەرانی پارلمانی بریتانیا بە ئاماژەدان بە سازان و نەرمینواندنی وڵاتانی زلهێزی جیهان لە بەرانبەر کردەوە سەرەڕۆییەکانی ڕژیمی ئیسلامی وتی: ئەو سازان و نەرمینواندنە بووەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ پێشێلکردنی ڕوونی ڕێککەوتنی ناوکی، پشتیوانیکردن لە تێرۆریزم، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دژی هاووڵاتییانی خۆی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە.
کلارک ئێسمیت لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی زیاد کرد کە چالاکی و هەوڵە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران لە ئێستادا زۆر بەربڵاو و جێگەی نیگەرانیی هەموو جیهان و بریتانیایە و دەبێ بە خێراترین کات ئەو ڕێکخراوەیە وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێندرێت و پێش بە چالاکییە تێرۆریستییەکانی لە هەموو جیهاندا بگیردرێت.