دۆسیەی ئێحسان محەممەدی، منداڵی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی شنۆ، کە زیاتر لە ٨ مانگە لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی ورمێدایە، بە حوکمی “موحاربە” لەلایەن لقی سێ دادگای ئینقلابی ڕژیم لە ورمێ ڕادەستی دادگای کەیفەری یەکی تایبەت بە مێرمنداڵانی ورمێ کرا.
ئێحسان محەممەدی، لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە تۆمەتەکانی تێکدانی نەزمی گشتی بە بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان و ئاگرتێبەردان و تێکدانی کەلوپەلی گشتی، بە حوکمی “موحاربە” تۆمەتبار کراوە و بەو هۆیەوە کە تەمەنی کەمتر لە ١٨ ساڵە، دۆسیەکەی ڕادەستی دادگای کەیفەری یەکی تاوانەکانی مێرمنداڵان کراوە.
ئێحسان محەممەدی، ڕۆژی ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠١، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ کرا و دەستبەسەر کرا.
ناوبراو پاش ماوەیەک بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ ورمێ ڕاگوێزراوە و لە ماوەی لێپرسینەوەشدا ئەشکەنجە دراوە.
لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا، ئێحسان بە بێ مافی ئازادیی لە کانوونی ئێسلاح و تەربییەتدایە.