بە دەیان هەزار کەس لە خەڵکی سێربێستان، ڕۆژی هەینی ١٩ی جۆزەردان، لە خۆپیشاندانێک لە شاری “بێلگراد” پێتەختی ئەم وڵاتە، لە ئاست دوو ڕووداوی گەورەی تەقەکردنی مانگی ڕابردوو، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و بە وتنەوەی درووشمی “سێربێستان دژی توندووتیژییە”، خوازیاری دەست لە کار کێشانەوەی کاربەدەستانی دەوڵەتی بوون.
شایانی باسە، خۆپیشاندەران بە درووست کردنی پەیکەرەی کارتۆنی “ئەلێکساندرا ویچ” سەرۆک کۆمار و “ئاننا بێرنابیچ” سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە بە جل و بەرگی زیندانەوە، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە. خۆپیشاندەران هەروەها، خوازیارێ داخرانی ئەو ڕۆژنامە و کاناڵی ڕاگەیاندنانەن کە بە باوەڕی ئەوان کلتۆری توندووتیژی پەرە پێدەدەن. جێگەی ئاماژەیە، مانگی ڕابردوو بەهۆی دوو ڕووداوی تەقەکردن لە شاری بێلگراد، لانیکەم ١٨ هاووڵاتیی لەوانە ١٠ منداڵ گیانیان لەدەست دابوو.