بەپێی ڕاپۆرتەۆان، “هێمن ئەحمەد زادە”، خەڵکی شاری مەهاباد کە پێشتر لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیەوە سزای ١٨ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی ڕابردوودا هێمن ئەحمەدزادە بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە یەکیک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان”، “هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی” و “هەڵگرتنی چەک”، سەرجەم بە ١٨ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە. شایانی باسە سەرەڕای ئەوەی کە ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش کراوە، لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە حکوومەتییەشدا بەردەوام ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی کراوە. جێگای ئاماژەیە، ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری پارەکە، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری مەهاباد لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ورمێ گواسترابوویەوە و ئێستا لە زیندانی ناوەندیی مەهاباد ڕاگیراوە.