ڕژیم لە جەرەیانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا بەوپەڕی دڕندەییەوە ماشێنی سەرکوتی خستە ڕێ، سەدان کەسی بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوشت، زۆر چاوی کوێر کرد، هەزاران کەس لە خەباتکارانی شەقامی بە بەند کێشا و خستنیە سیاچاڵەکانەوە , جەلادانی لە زیندانەکاندا لە گیانی دەستگیرکراوان بەردا. هەموو ئەمانە نیشانی دەدا کە ڕژیم بۆ بەرەنگاربوونەوە دژبە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵک بۆ تەنیا ئامرازی واتە سەرکوت پەنای بردووە. ئەگەرچی لەئێستادا ئاخێزی شۆڕشگێڕانە لە شەقامەکان تا ئاستێکی بەرچاو دامرکاوە و ئیعتڕازاتی جەماوەری خەڵک بەشێوەی جۆراوجۆری دیکە، لەوانە مانگرتنی بەرینی کرێکارانی سەنعەتی نەوت، پێترۆشیمی و مەعدەن، مانگرتنی خانەشنیان و مامۆستایان هەروا بەردەوامە بەڵام ڕژیم لە پەرەپێدانی سەرکوت کۆتا نەهاتووە. شەپۆلی دەستبەسەرکردنی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان هەروا درێژەی هەیە.
هێرش بۆسەر زانکۆکان بەشێک لەو سەرکوتەیە کە پێشتر بەرنامەڕێژیی بۆ کراوە. شۆرای سینفیی خوێندکارانی ئێران ڕۆژی ١٥ی جۆزەردان ڕایگەیاند کە لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی زانکۆی علم و سەنعەت بەهۆی قەبووڵنەکردنی حیجابی ئیجباری و ئەوەیکە مەقاماتی ئەم زانکۆیە پێی دەڵێن “پۆششی نامناسب”، بۆ کۆمیتەی ئینزباتی بانگکراون. ژمارەیەک لە خوێندکارانیش لەلایەن مەقاماتی زانکۆوە ئیحزار کراون. هەروەها لات و چەقۆشێکەکانی گەشتی ئیرشاد خوێندکارانیان لە کاتی قەدەم لێدان لە مەحوەتەی زانکۆ بەبیانووی جۆری پۆششیان ئەزیەت کردووە و هۆشداریان پێداون. شۆرای سینفیی خوێندکاران وێڕای تەئکید لەسەر ئەوەیکە دەستدرێژی بۆسەر ژیانی خوێندکاران تا خابگاکان ئیدامەی هەیە، ڕایگەیاندووە کە لە خابگای کچان سەختگیریی لەبواری پۆشین بۆ خوێندکاران زیاتر بووە و تەنانەت ژمارەیەک لە خوێندکاران بە دەلیلی تەئخیر لە گەڕانەوەیان بۆ خابگا لە کاتی دیاریکراودا، بۆ کۆمیتەی ئینزباتی بانگکراون. جگەلە خوێندکاران، ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی زانکۆی علم و سەنعەتیش لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن “هەیئەتی ئینزباتیی ئەساتید”ەوە ئیحزار کراون. شۆرای سینفیی خوێندکارانی ئێران ڕۆژی دووشەممە ١٥ی مانگی جۆزەردان ڕایگەیاند کە ژمارەی مامۆستایانی بانگکراو هەتا ئێستا گەیشتووەتە ١١ کەس و ئاشکراشی کرد کە ئەوان بەخاتری ئیمزای بەیانییەی ئیعتڕاز بە “هێرشی شیمیایی ئەنجامدراو بۆسەر مەدرەسەکان و خوێندکارانی کچ” و بەهۆی سکاڵای سەرۆکی زانکۆوە بانگکراون. ئەم مامۆستایانە لەو ٣٢٦ مامۆستایەن کە پێشتر لە بەیانییەیەکدا هێرشی شیمیایی زنجیرەییان بۆسەر مەدرەسەکانی کچان مەحکووم کردبوو و وەک “ڕووداوێکی شەرمەزارکەر بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی” وەسفیان کردبوو. بەپێی گوزارشی “کۆمیتەی پەیگیریی وەزعیەتی دەستبەسەرکراوان” لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە لە مانگی خەرمانانی ١٤٠١ەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ٧٢٠ خوێندکار دەستبەسەرکراون کە ژمارەیەکیان هەروا دەستبەسەرن.
هێرشی سەرکوتگەرانەی ڕژیم بۆسەر خوێندکاران و مامۆستایان بۆ جارێکی تر یادەوەریی سەرکوتی زانکۆکان لەژێرناوی “ئینقلابی فەرهەنگی”، کوشتاری خوێندکاران و بەردانەوەیان لە سەربانی خابگاکان لە ساڵی ١٣٧٨ بەفەرمانی قالیبافی زیندوو کردووەتەوە. ڕژیم باش دەزانێ کە خوێندکاران وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەردەوام و لە هەموو ئەو ئاخێزانەدا کە لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا دژبە دەوڵەتی سەرمایەداری ئیسلامی شکڵیان گرتووە، بەشێکی سەرەکی و جیانەکراوەی ئەم بزووتنەوانە بوون. بزووتنەوەی خوێندکاری لە مانگی بەفرانباری ٩٦ یەکێک لە ستوونەکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بوو کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە کۆتایی هێنان بە سوڵتەی وتاری ئیسلاحتەڵەباندا بینی. خوێندکاران لە مانگی خەزەڵوەری ٩٨ لە شۆرشی بێبەشانی شاردا شان بە شانیان ڕاوەستان و خوێنیان بۆ دا و بە بەند کێشران. ئەوان لە جەرەیانی ئەم ئاخێزانەدا نیشانیان دا کە چیتر لە چوارچێوەی داخوازیی بەرتەسکی خۆیاندا نەماون و بەشێکی گرینگن لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لەئاستی کۆمەڵگەدا. ئەوان خۆیان ڕۆڵەی کرێکاران ناولێدەنێن. شان بەشانی مامۆستایان و خانەنشینان ڕادەوەستن. دەبنە دەنگی ڕەسای کرێکارانی حەوت تەپە، فولادی ئەهواز و ئازەرئاب و بەرجەستەترین دروشمی کرێکارانی حەوت تەپە واتە “نان، کار، ئازادی، ئیدارەی شۆرایی” دەبەنە هەموو زانکۆکان. بەهۆی هەر ئەم ئەزموون و پێشڕەوەییە بەنرخانەیە کە لە جەرەیانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا زانکۆکان دەبنە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی خوێندکاران و مامۆستایان دژبە هەموو ستەم و سەرکوتگەریی کۆماری ئیسلامی. زانکۆ دەبێتە یەکێک لە سەنگەرە قایمەکانی شۆڕش دژبە هەڵاواردنی ڕەگەزی و دەبێتە شوێنی هەڵبەستنی جوانترین سروود و ئاوازەکان بۆ وتنەوەی گشتی لە زانکۆکان و شەقامەکان. ئەوان کە لە جەرگەی مانگرتنە کرێکارییەکاندا فێری “ئیدارەی شۆرایی” بوون، ئەمجارەیان خۆیان دەستپێشخەری پێکهێنانی دەیان شۆرای خوێندکاری لە سەرانسەری ئێران بوون. لەوەش بانتر توانییان پەیوەندێکی نزیک لەگەڵ کۆمیتەی گەڕەکەکان و ڕێکخراوە کرێکارییەکان پێکبێنن. ئیتر هیچ بەیاننامەیەک لەلایەن کرێکاران، خانەنشیان و مامۆستایانەوە بڵاونابێتەوە کە لەلایەن ڕێکخراو و شۆراکانی خوێندکارانەوە پشتیوانی لێنەکرابێ. ئەم حەرەکاتە درەوشاوە و خەباتکارانەیە بوونەتە هۆی ئەوەیکە ڕژیم بەشێوەی نەخشەمەند سەرکوتی زانکۆکان پەرەپێبدات. سەرەڕای هەموو ئەم سەرکوتگەرییانە خوێندکاران نابێ ڕێگە بدەن کە پەیوەندیان لەگەڵ باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان تر بپچڕێت. ئەوان پێویستە بەردەوام بە دروشمی خۆیان واتە “کرێکار، خوێندکار، مامۆستا، ئیتحاد، ئیتحاد” و بە ستراتێژی یەکگرتن لەگەڵ بزووئتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان وەفادار بمێننەوە و ڕیزەکانیان لەڕێگەی پەرەپێدانی شۆراکان و پەیوەندی نزیک لەگەڵ ڕێکخراوەکانی لاوان لە گەڕەکەکان و ڕێکخراوە کرێکارییەکان پتەو و قایمتر بکەن و خۆیان بۆ نەبەردەکانی داهاتوو ئامادە بکەن. ئەمە باشترین وڵامە بە سەرکوتگەریی بەرنامە بۆ داڕێژراوی خوێنڕێژانی دەسەڵاتدار.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە