مەسعوود دارسەنج، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا دەستبەسەر کرا و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیەوە سزای ٣٣ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی دەستبەسەر کرایەوە و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا “مەسعوود دارسەنج” دوای ئەوەی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ دادگای جێبەجێکردنی سزاکان لەو شارە بانگ کرا، دەستبەسەر و بۆ تێپەڕاندنی ماوەی ٣٣ مانگ بەندکردنەکەی، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی بۆکان کرا. ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی شاری بۆکانەوە بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان”، “بەشداری کردن لە ناڕەزایەتییەکان”، “ناردنی ڤیدیۆ و هەواڵ بۆ ڕاگەیاندنەکانی دژبەری ڕژیم” و “نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی تراکت”، سەرجەم سزای ٣٣ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە. جێگەی ئاماژەیە، ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی گوڵان، لە شاری بۆکان و لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و دەست بەسەر کەرەستە تاکەکەسیەکانی ئەو هاووڵاتییە وەک مۆبایل و لەبتۆپەکەیدا گیرابوو. پاشان دوای یەک مانگ دەستبەسەربوونی مەسعوود دارسەنج، لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا بە دانانی بارمتەی ٣٥٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.