فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گەڕاندنەوەی نایب حاجی زادە بۆ بەندی سیاسی زیندانی ورمێ
هەینی ۲۶-۰۳-۱۴۰۲   |  16-06-2023

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی جۆزەردان، “نایب حاجی زادە”، بەندکراوی سیاسی خەڵکی شاری ورمێ، لە بەندی تاکەکەسی بۆ بەندی سیاسی زیندانی ناوەندیی ورمێ گەڕێندرایەوە.
ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی جۆزەردانەوە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر پێنەدانی مۆڵەتی پزیشکی و کرانەوەی دۆسیەیەکی نوێ بە دژی ناوبراو، مانی لە خواردن گرتبوو. شایانی باسە، ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی جۆزەردان بە فەرمانی بەرپرسانی زیندانی ورمێ بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەم زیندانە گواسترابوویەوە. جێگای ئاماژەیە، لە ماوەی ڕابردوودا ناوەندە حکوومەتییەکان بە شایەت دانی بەندکراوانی تاوانە مەترسیدارەکان، دۆسیەیەکی نوێیان لەژێر ناوی “سووکایەتی کردن بە ڕێبەر و دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی” لە دژی نایب حاجی زادە کردووەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لە لایەن بەندکراوانی تاوانە مەترسیدارەکانەوە هێرش کراوەتەوە سەری و لێیان داوە. ئەم هاووڵاتییە لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویی، لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ورمێەوە بە تۆمەتی “هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکیک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان” سزای ١٠ ساڵ و ١ ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپا و دواتر لە دادگای پێداچوونەوەدا، ئەم سزایە بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ کەم کرایەوە.