جووڵەکانی سپای پاسداران لە شارەکانی کوردستان هەروا درێژەی هەیە و هەلیکۆپتەرە نیزامییەکانی ڕژیم لە مەودایەکی نزمەوە بەسەر شارەکاندا دەسووڕێنەوە و بەوهۆیەوە پێکدادانێکی چەکدارانە ڕوویداوە.
بە گوێرەی هەواڵەکان سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی جۆزەردان، هەلیکۆپتەرە سەربازییەکانی سپای پاسداران بەسەر شارەکانی سنە، مەهاباد و سەوڵاوادا سوڕاونەتەوە. هەروەها شەوی ڕابردوو لە دەوروبەری پایگایەکی سپای پاسداران لە نزیک شارەکی “ئەلواج”، سەر بە شاری ورمێ شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان سپا و هێزێکی نەناسراو ڕوویداوە. جێگای ئاماژەیە، لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا، سپای پاسداران لە هەوڵێکی تۆکمەدا دەستی بە گواستنەوەی چەک و چۆڵی قورس و زرێپۆش بۆ سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و هەموو ئەم ناوچانەی میلیتاریزە کردووە و چەندین پایەگای نوێی لە ناوچە سنوورییەکان دروست کردووە. هەر لەم ڕاستایەدا، تۆپخانەکانی سپای پاسداران لانیکەم شەش جار بەرزاییەکانی شاهۆ و کۆساڵان لە پاوە و سەوڵاوە و “بۆرالان” لە ماکۆیان تۆپباران کردووە.