فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کارەساتی مەرگباری نوقمبوونی پەنابەران و پارێزەرانی قەڵای ئورووپا
یەکشەممە ۲۸-۰۳-۱۴۰۲   |  18-06-2023
کارەساتی مەرگباری نوقمبوونی پەنابەران و پارێزەرانی قەڵای ئورووپا

کاتژمێر ٢ی بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٢ بەرابەر لەگەڵ ١٤ی ژوئەنی ٢٠٢٣، بەهۆی نوقمبوونی کەشتییەکی ماسیگرتن لە ئاوەکانی یۆنان کە ٧٥٠ پەنابەری لە لیبیاوە بەرەو ئیتالیا دەگواستەوە، سەدان پەنابەر گیانیان لەدەستدا. بەوتەی کەسانی دەربازبوو لەم کارەساتە دڵتەزێنە، ١٠٠ کەس لە سەرنشینانی کەشتییەکە منداڵ بوون. بەپێی ڕاپۆرتی ئەو پزیشکانەی کە یارمەتیی دەربازبووانی ئەم ڕووداوەیان داوە نزیکەی ٦٠٠ کەس لە پەنابەران لەم کارەساتە مەرگبارەدا گیانیان لەدەستداوە. ڕۆژی هەینی ڕۆژنامەیەکی یونانی نووسیی کە هۆکاری نوقمبوونی ئەم کەشتییە دەتوانێ هەوڵی یەکێک لە بەلەمەکانی گاردی ساحلی بووبێت بۆ وەسڵکردنی تەناف بە کەشتییەکەوە. بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامەیە، “گاردی ساحلی بە بەستنی تەناف ویستوویانە سەقامگیربوونی کەشتیەکە بپارێزن و بۆ ئاگاداربوون لە پێداویستیی سەرنشینانی ئەم کەشتییە لێی نزیک بوونەتەوە. بەوتەی یەکێک لە سەرنشینان گاردی ساحلی بە بەستنی تەناف هەوڵی داوە کەشتییەکە بەرەو چەپ بکێشێ بەڵام لەناکاو بەرەو ڕاست سووڕاوە و نوقم بووە.

شەش ڕۆژ بەر لە ڕوودانی ئەم کارەساتە مەرگبارە وەزیرانی ناوخۆی یەکیەتیی ئورووپا لە بروکسێل بەئامانجی پاراستنی قەڵای ئورووپا و چارەسەرکردنی قەیرانی پەنابەری کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان بەڕێوەبرد. لەم کۆبوونەوەیەدا وەزیرانی ناوخۆ، پێشنیاری کۆمیسیۆنی یەکیەتیی ئورووپا سەبارەت بە “یاسای نوێی هاوبەش بۆ سیستمی پەنابەریی ئورووپا”یان تاوتوێ کرد و لەسەر سیاسەتێکی هاوبەش دژبە پەنابەران بەڕێکەوتن گەشتن. دوای ئەم ڕێکەوتنە، میدیا و بڵینگۆ تەبلیغاتییەکانی سەربە دەوڵەتانی ئورووپایی ڕایانگەیاند کە ئەم ڕێکەوتنە تازەیە گیانی پەنابەران لە نوقمبوون لە دەریای مەدیتەرانە نەجات دەدات، بەڵام لەڕاستیدا ڕێکەوتننامە تازەکە شتێک نەبوو بێجگەلە پێشێلکردنی دوایین بڕگەکانی کۆنوانسیۆنی ژنێڤ لەسەر مافی پەنابەران. بەپێی ڕێکەوتننامەی نوێ و بۆ پاراستنی قەڵای ئورووپا، پەنابەران پێویستە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئورووپا داوای پەنابەری بکەن و ئەگەر لەگەڵ پەنابەرێتییان موخالفەت بکرێ، دەستبەجێ بۆ وڵاتی خۆیان یان بۆ وڵاتی بەناو ئەمنی سێهەم دەگەڕێندرێنەوە. ئەگەر لەگەڵ خواستی پەنابەرییان موافقەت بکرێ ئەوکات لە نێوان وڵاتانی ئورووپاییدا دابەش دەکرێن و ئەگەر وڵاتێک وەریان نەگرێ ئەوکات دەبێ جەریمەی نەغدی بدات. ئەوەش بەو مانایەیە کە ئەم وڵاتانە بە دانی جەریمە “پەنابەران لەکۆڵ خۆیان دەکەنەوە”. هەر لەئێستاوە لانیکەم چوار وڵاتی یەکیەتیی ئورووپا لەوانە لەهستان و مەجارستان، ڕایانگەیاندووە کە هیچ پەنابەرێک وەرناگرن و دژایەتیی خۆشیان لەگەڵ دانی جەریمە ڕاگەیاندووە. بەپێی ڕێکەوتننامەی نوێ لە دەرەوەی سنوورەکانی ئورووپا “ناوەندەکانی پەنابەری” دروست دەکرێن و پەنابەران تا ڕوونبوونەوەی چارەنووسیان لەم ناوەندانە ڕادەگیرێن. ئەگەرچی وەزیرانی ناوخۆی یەکیەتیی ئورووپا باس لە دروستکردنی “ناوەندی پەنابەری” دەکەن بەڵام لەڕاستیدا ئەم ناوەندانە ئەو گرووتووخانە خۆفناکانەن کە لە دەرەوەی سنوورەکانی قەڵای ئورووپا دروست دەکرێن. بەمەبەستی هەموارکردنی زەمینە بۆ سازکردنی ئەم ناوەندانە سەرۆکوەزیرانی نیۆفاشیستی ئیتالیا بۆ لیبی سەفەری کرد و لەگەڵ یەکێک لەو دوو دەوڵەتەی ئەوێ ڕێکەوتننامەی واژۆ کرد. هەڵبەت ئەوە ڕازێکی شاراوە نییە کە سنوورەکانی لیبی شوێنی کوشتاری بێرەحمانەی پەنابەران بەدەستی هێزەکانی ساحلی ئەم وڵاتەن. گرتووخانەکانی لیبی کە پەنابەران تێیاندا ڕادەگیرێن، شوێنی بێبەزەیانەترین ڕەفتار لەگەڵ پەنابەرانن و ئەو پەنابەرانەش کە هێستا لەناو لیبی دان و لە ساحل و گرتووخانەکاندا نین، لە بازاڕەکانی لیبیدا کۆیلە دەکرێن.

سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا دواتر لەگەڵ سەرۆکی یەکیەتیی ئورووپا و سەرۆکوەزیرانی هۆلەند بۆ توونێس سەفەریان کرد و لەگەڵ “قەیس سەعید” سەرۆکوەزیرانی توونێس کۆبوونەوە. لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە بەڵێنی یارمەتیی ماڵیی نۆسەد ملیۆن یۆرۆییان پێدا کە سەد ملیۆنی بۆ جێگیرکردنی پەنابەران و ڕێگریکردنی دەوڵەتی توونێس لە چوونی پەنابەران بۆ ئورووپا تەرخان دەکرێت. ئەوەیکە سەرۆکوەزیرانی نیوفاشیستی ئیتالیا ستایشی “قەیس سەعید” دەکات و دەوڵەتی ئیتالیا لە پێشنیارەکەی سەبارەت بە بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی پەنابەری لە ڕۆم دیفاع دەکات، خۆی نیشانەی ئاشکرای ئەو موعامەلە قیزەونەیە کە بە قیمەتی گیانی ملیۆنان پەنابەر ئەنجام دراوە.

پرسیار ئەوەیە کە لەم “ناوەندانەی پەنابەری”دا چۆن پەنابەران دەتوانن هۆکاری پەنابەربوونی خۆیان بەیان بکەن، کامە پارێزەر لە مافیان دیفاع دەکات، بە چ زمانێک لەگەڵیان وتووێژ دەکەن و چ پێوەرێک هەیە بۆ ئەمن پێناسەکردنی وڵاتی سێهەم و یان وڵاتانێک کە پەنابەران لێیان هەڵاتوون. ئایا وڵاتانی ئێران و تورکیە بۆ ئەو ئەفغانستانییەی کە لە جەحەنەمی تاڵەبان ڕایکردووە و خۆی گەیاندووەتە سنووری یەکیەتیی ئورووپا، بە وڵاتانی ئەمن پێناسە دەکرێن. واتە هەر ئەو وڵاتانەی کە لەسەر شەقامەکان خەڵک وەبەر گولـلە دەدرێن و یان ناوچە کوردنشینەکان بۆمباران دەکرێن. ئایا ئەو پەنابەرانەی کە لە شەڕی ناوخۆیی سوودان یان چادەوە ڕێگایەکی پڕمەترسییان بڕیوە، لە بازاڕی کۆیلەفرۆشانی لیبی و شەپۆلی خرۆشانی دەریای مەدیتەرانە نەجاتیان بووە و گەیشتوونەتە سنووری ئورووپا، کامە وڵات لە مەسیری ڕێگایاندا وڵاتی سێهەم و ئەمنە؟

وەزیرانی ناوخۆی یەکیەتیی ئورووپا بەم بڕیارەیان ملیۆنان پەنابەری سووریەیی، عێراقی، یەمەنی، چادی یان سوودانی، بۆ هەمان جەحەنەم دەگەڕێننەوە کە لێی ڕایانکروودە. ئەوەیکە دەوڵەتانی ئورووپایی ئەنجامی دەدەن، هەر ئەو کارەیە کە بریتانیا لە توافوق لەگەڵ وڵاتی ئەفریقایی “رواندا” چەندین مانگە ئەنجامی داوە. وێنەی دڵتەزێنی ئوردووگای “موریا” لە “لسبوس”ی یونان و تەلدڕووی دەوری ئەم ناوەندانە، خۆکوژیی لاوان و نەبوونی پێداویستیی پزیشکی تەنانەت بۆ منداڵان، قەت فەرامۆش ناکرێن. هەڵبەت ئەمە وێنەی وڵاتێکی ئورووپایە و زۆر زەحمەت نییە هێنانەبەرچاوی چارەنووسی پەنابەرانی دستبەسەرکراوی دەرەوەی سنووری ئورووپا. بێهۆ نییە کە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی پەنابەران ئەم ڕێکەوتننامەیان بە “هێرشێکی ئاشکرا بۆسەر یاسای پەنابەری و بە هەڵەیەکی مێژوویی” پێناسە کردووە.

واقعیەت ئەوەیە کە تا کاتێک شەڕی نیابەتی، مەزهەبی و قەومی کە ئاکامی دەسەڵاتی بەربەریەتی سەرمایەداری و میلیتاریزمی دەوڵەتانی سەرمایەداری ڕەقیبە کۆتایی نەیە، جیهان بەردەوام شایەدی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە دەبێت. چینی کرێکار و مرۆڤایەتیی ئازادیخواز و یەکسانیخواز بۆ کۆتایی هێنان بەم کارەساتانە چارەیەکی بێجگەلە ڕیشەکێشکردنی ئەو نیزامە نییە کە سات لە دوای سات کارەسات دەخوڵقێنێت.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co