فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەیامی کۆنفڕانسی دووهەمی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان بۆ بەندکراوانی سیاسی
سێشەممە ۳۰-۰۳-۱۴۰۲   |  20-06-2023
پەیامی کۆنفڕانسی دووهەمی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان بۆ بەندکراوانی سیاسی

هاوخەباتانی بەندکراو!

کۆنفڕانسی دووهەمی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان لە ڕۆژانی ١٣ و ١٤ مانگی جۆزەردان بە بەشداریی دەیان کەس لە ئەندامانی ئەم شۆرایە بەشێوەی حزووری لە وڵاتی سوێد و هەروەها لەڕێگەی ئانڵاینەوە بەڕێوەچوو. ئەم کۆنفڕانسە لەم دوو ڕۆژەدا سەبارەت بە بوارەکانی چالاکیی پێوەندیدار بە شۆرا باس و لێکدانەوە و ڕاوێژی ئەنجام دا و بە هەڵبژاردنی ڕێبەریی نوێ بۆ شۆرا، بەرەوپیری پێشخستنی ئەرک و چالاکییەکانی دەوری داهاتووەوە چوو. کۆنفڕانسەکەمان لە گرینگی خەبات و پایەداری و خۆڕاگریی ئێوە بەرامبەر بە ڕژیمی سەرکوتکەری کۆماری ئسیلامی عافڵ نەبوو. ئێمە و کۆمەڵگای ناڕازی و وەگیانهاتووی ئێران، لەناو شەپۆلی ئیعتڕاز و تێکۆشان بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی، لە گرینگی موقاومەت و خۆڕاگریی بەندکراوانی سیاسی لەم ساڵانەدا و لەژێر چنگی خوێنڕێژان و سەرکوتگەراندا ئاگادارین.

سەرکوت، ئەشکەنجە، زیندان و ئێعدام لەماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا، وڵامی کۆماری ئیسلامی بووە بە هەر دەنگێکی نەیار و ناڕازی. لە هەمان حاڵیشدا بەرامبەر بەم سەرکوتگەرییانە لەماوەی ئەم ساڵانەدا بەندکراوانی سیاسی خەباتی خۆیان لەو بارودۆخە خۆفناکەدا، بێ باکانە گرێداوەتە بوارەکانی تری خەبات لە دەرەوەی زیندانەکان و زۆر جار کۆماری ئیسلامی و سەرکوتگەرانیان تووشی سەرلێشێواوی و شپرزەیی کردووە. ئەمڕۆ و لە هەلومەرجێکدا کە کۆمەڵگای ئێران بەهۆی ئاخێزی جەماوەریی ئەم دوایانە و عەزمی کۆمەڵگا بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆنەپەرستی سەرمایەداریی ئێران لەبەردەم ئاڵوگۆڕی گرینگدایە، ڕۆڵی مێژوویی و حاشاهەڵنەگری ئێوە لە نیشاندانی خۆڕاگری و بوێری، لەلایەن هەموو ئینسانێکی ئازادیخواز و حەق تەڵەبەوە پشتیوانیی لێدەکرێ.

هاوڕەزمانی بەندکراو!

کۆنفڕانسی دووهەمی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان، دروود دەنێرێ بۆ کۆڵنەدانتان لە سیاچاڵەکانی دەسەڵاتی دژەئینسانی کۆماری ئیسلامی. شۆرای ئێمە هاوڕێ لەگەڵ بزووتنەوەی ئێستا و خەڵکی ناڕازیی سەر شەقام، بەشێوەی جۆراوجۆر بۆ ئازادیی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجی ئێوە درێژە بە تێکۆشانی دەدات. بێگومان ماشێنی ئێعدام و زیندانی جەنایەتکاران تەنها بە گوشاری هێزی مەزنی کۆمەڵایەتیی خەڵکی وەگیانهاتوو پاشەکشەی پێدەکرێ. ئێمە بە ڕۆژی شکۆمەندی شکاندنی دەرگای زیندانەکان و ئازادکردنی ئازیزانی بەندکراومان هیوادارین و بۆ وەدیهاتنی ئەو ڕۆژە تێدەکۆشین.

هەروەها داوا لە خەڵکی ئازادیخواز و تێکۆشەری کوردستان دەکەین کە وەک هەمیشە داکۆکیکار و پشتیوانی بنەماڵەی بەندکراوانی سیاسی بن و بە هەر شێوەیەک کە دەگونجێ حمایەتیان لێ بکەن و خواست و دروشمی “بەندکراوی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ” تا وەدیهێنانی، بکەنە ئاڵای هەر حەرەکەتێکی ناڕەزایەتی.

بەندکراوی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ!

مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی!

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان

٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠٢

١٤ی ژوئەنی ٢٠٢٣