بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی کانادا ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی جۆزەردان، مورتەزا بەراتی، بەرپرسی لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیسفەهان، هادی مەنسووری، دادوەری دادگای ئینقلابی مەشهەد، مووسا ئاسیف ئەلحوسێنی، بەرپرسی لقی یەکی دادگای ئینقلابی کەرەج، مەحموود ساداتی، بەرپرسی لقی یەکی دادگای ئینقلابی شیراز، محەممەد موقیسە، بەرپرسی لقی دیوانی باڵا، مێهرداد تەهمەتن، ڕاوێژکاری دادگای تاوانەکانی پارێزگای فارس و حەیدەر ئاسابی، دادوەری پارێزگای گوڵستان لەو کەسانەن خراونەتە نێو لیستی گەمارۆکانی کاناداوە.
ئەم گەمارۆانەی وەزارەتی دەرەوەی کانادا، دوازدەهەمین بەستەی گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی لە پێوەند لەگەڵ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤەوە پێک دەهێنن.
بەپێی ئەو گەمارۆانە، موڵک و ماڵی ئەو کەسانە لە کانادا بلوکە دەکرێت و گەشتکردنیان بۆ ئەو وڵاتە قەدەغە دەکرێت، هەروەها شارومەندانی کانادا لە هەر چەشنە بازرگانیکردن لەگەڵ ئەو کەسانە قەدەغە دەکرێن.
لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی کانادادا هاتووە: ”بۆ چارەسەرکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، لەوانە ڕێزگرتن لە ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ و توانای ژیان و گەشەکردنیان لە کۆمەڵگەیەکی دوور لە ترس، سەرکوتکردن، تۆقاندن و توندوتیژیی دەوڵەتی، بەردەوام دەبین و گوشار دەخەینە سەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی.”
بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە بەشێک لەو دادوەرانە پێشتر لەلایەن ئەمریکا و یەکیەتیی ئوورووپاوە سزا دراون.
دادگاکانی ئینقلاب وەک دامەزراوەیەکی نزیک لە سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیم، بە دەرکردنی حوکمی ئێعدام و سزای قورسی زیندان پاش دادگاییکردنێکی ساختە و بە پشتبەستن بە دانپێدانانی زۆرەملێی تۆمەتباران کە لەژێر ئەشکەنجەدا گیراون، ناسراون.