بەهۆی نقومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە دوورگەیەکی ئیتالیا، ٤٠ کەس بێسەروشوێن بوون کە ژمارەیەکیان منداڵ بوون.
وتەبێژی کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئیتالیا رایگەیاند، بەهۆی نقوم بوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە دوورگەی لامپدوسای ئەم وڵاتە، ٤٠ کەس بێسەروشوێن بوون. هەروەها وتەبێژی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ رایگەیاندووە، بەلەمە ئاسنینەکە لە سەفاقسی تونس، ٤٦ کۆچبەری لە وڵاتانی کۆت دیڤوار، بورکینا فاسۆ و کامیرۆنەوە هەڵگرتبوو و بەهۆی بایەکی بەهێز و شەپۆلی بەرزەوە وەرگەڕاوە. شایانی باسە، ژمارەیەک لە رزگاربووان گواستراونەتەوە بۆ لامپدوسا و ژمارەیەکی دیکەش گەڕێندراونەتەوە بۆ تونس.
نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری کۆچبەران رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٢دا، لە کۆی ١٠٥ هەزار کۆچبەر، زیاتر لە ٤٦ هەزار کۆچبەر تەنها لەو دوورگەیەوە چوونەتە ناو خاکی ئیتالیاوە.