لە ڕۆژی شەممە، ٣ی پووشپەڕ، هۆشمەند عەلیپوور، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری سەردەشت، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕێگری ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم لەئازادیی بەمەرجی ناوبراو لە حاڵێکدا پێنج ساڵ لە سزای ٨ ساڵ بەندکرانەکەی تێپەڕاندووە، مانی لە خواردن گرتووە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی سنە، ئەم بەندکراوە سیاسییە ناڕازییە ڕایگەیاندووە کە تا کاتی ئازادبوونی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە، درێژە بە مانگرتنەکەی دەدات. هۆشمەند عەلیپوور پێشتریش لە ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٠دا بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەهۆی دژایەتیی ئیدارەی ئیتلاعات لەسەر داوای مەرەخەسیی کاتیی ناوبراو بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی براکەی کە لەکاتی کۆڵبەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم کوژرابوو، مانی لە خواردن گرت. ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی هەینی ١٢ی پووشپەڕی ۱۳۹۷ لەگەڵ محەمەد وەستا قادر، خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم لەو شارە دەستبەسەر کران و پاش ١٠٨ جار لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گواستراوەتەوە و لە مانگی گوڵانی هەمان ساڵدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراوەتەوە.