شۆرای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی سێشەممە بیست و حەوتی مانگی ژوئەن بۆ دوازدەهەمین جار لە شەش مانگی ڕابردوو “بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوانە فەلەستین”ی تاوتوێکرد. لەحاڵێکدا کە یەکێک لە ڕاستترین دەوڵەتە ڕەگەزپەرستەکان لە ئیسرائیل لەسەر کارە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک داوای لە ئیسرائیل و فەلەستین کرد کە “کۆتایی بە توندوتیژی لە کەرتی ڕۆژئاوا بێنن و لە هەر کردەوەیەک کە گرژییەکان لەو ناوچە ناسەقامگیرە زیاتر دەکات دووری بکەن”. ئەگەرچی ئەم بڕیارنامەیە دەوڵەتێکی داگیرکەر و نەتەوەیەک کە لە مافی ژیانی خۆی دیفاع دەکات خستووەتە تەرازووەکەوە. بەڵام تەنانەت ئەمەش بۆ بەرپرسانی ئیمپریالیسمی ئەمریکا بەس نەبوو و جێگری سەفیری ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە “هێرشی تیرۆریستی و دڕندانەی ٢١ی ژوئەن دژی ئیسرائیلییەکان لە کەرتی ڕۆژئاوا کە بووە هۆی کوژرانی چوار کەس و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە، ترسناک بوو“. هەڵبەت ئەو لەبیری چوو باسی ئەوە بکات کە فەلەستینییەک لە یەکێک لە خاڵەکانی پشکنین کوژراوە و بەهۆی هێرشی وەحشیانەی هێزەکانی ئیسرائیل بە هێلیکۆپتێری جەنگی و درۆن لەماوەی حەفتەی ڕابردوو لانیکەم ١٨ کەسی فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە. و دیسان فەرامۆشی کرد کە بڵێ ئەمساڵی زایینی یەکێک لە خوێناویترین ساڵەکان بوو بۆ فەلەستینییەکانی کەرتی ڕۆژئاوا و لە شەش مانگی ڕابردووەوە هەتا ئێستا لانیکەم ٧١٣ فەلەستینی بەهۆی تەقەی نیزامیانی دەوڵەتی داگیرکەر لە لێواری ڕۆژئاوا کوژراون. ڕیاز مەنسوور، سەفیری فەلەستین لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەوڵەتی ئیسرائیلی بە “پێکهێنانی وڵاتێک بۆ شارۆچکەنشینان لە جیات وڵاتی فەلەستین” تۆمەتبار کرد و وتی فەلەستینییەکان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر بەو باوەڕە دەگەن کە “هیچ یارمەتییەک بەڕێوە نییە”.
تەهاجومی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل بۆ شاروچکە دورستکردن لەناو خاکی فەلەستین خێراتر بووەتەوە. ئەم هێرشە بە پشتیوانیی هێزە توندڕەوە یەهوودیەکان بەڕێوەدەچێت. تەنها لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا چەندین خاڵی پشکنینی نوێیان دامەزراندووە. وەزیری ئەمنیەتی ئیسرائیل لە سەردانی یەکێک لەم وێستگە تازانەدا وتی: “حمایەتی هەمەلایەنەی دەوڵەت لەپشت ئێوەیە. بڕۆنە پێش و دەرە و تەپکەکان بگرنەوە”. بەکرێگیراوانی دەوڵەتی ئیسرائیل لەو باوەڕەدان کە خوا وەعدەی هەموو ناوچەی نێوان دەریای مەدیتەرانە تا ڕووباری ئۆردۆنی پێداون و ئەوان ئەم وەعدەیە بە هەموو تواناوە و بە پشتیوانیی هێزە نیزامییەکان وەدی دێنن. ئەمانە هیچ بەلایانەوە گرینگ نییە کە گوندەکان ئاگر تێبەردەن و بە پشتیوانیی ئەرتەشی ئیسرائیل خەڵکی فەلەستین بکوژن و ماڵەکانیان بەسەریاندا بڕووخێنن.
ئەم کردەوە جەنایەتکارانەیەی دەوڵەتی ئیسرائیل بابەتێکی تازە نییە. لەماوەی حەفتا و پێنج ساڵی ڕابردوودا بەدەر لەوەیکە چ پێکهاتەیەک لە ئەحزاب، دەوڵەتی ئیسرائیلیان پێکهێناوە، خەڵکی فەلەستین قەتڵوعام کراون، ئاوارە بوون و یان لە زیندانەکانی ڕژیمی داگیرکەردا گرفتار بوون. مێژووی سەرکوتی خەڵکی فەلەستین تراژێدییەکی بەتەواو مانایە کە بەشێوەی جۆراوجۆر بەردەوام بووە. سەردەمێک بە حوکمی بڕیارنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەردەمێکیش تەنانەت بە پێشێلکردنی هەر ئەو مافە لانیکەمانەی کە بۆ درێژەدانی ژیانی خەڵکی فەلەستین لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پەسند کراون. لە ساڵی ١٩٨٤ لەسەر بڕیارنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە پێکهاتنی دەوڵەتی داگیرکەر، ملیۆنان فەلەستینی لە ماڵ و شوێنی ژیانیان دەرکران. ئەوان تەنانەت لە کەمپەکانی پەنابەریدا کە چەندین نەسلی تێدا جێگیرکرابوو، لە ئەماندا نەبوون.
دەوڵەتی شارۆن لە ساڵەکانی حەفەتاو حەفتا و یەکی زایینی تانکەکانی ئەرتەشی ڕەوانەی ئەو کەمپە پەنابەریانە کرد کە لە سەردەمی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە فەلەستینییە ئاوارەکانی کەرتی غەزەی تێدا نیشتەجێ کرابوون. ئەم کەمپانەی تەخت کرد و بەهۆیەوە هەزاران کەس لە دانیشتووانی ئاوارە بوون و ئەمجارەیان لە سەحرای سینا نیشتەجێ بوون. لە ساڵی ٩٣ی زایینی لە گەرمەی وتووێژەکانی “ئۆسلۆ”دا، بەهۆی هێرشی دکتورێکی یەهودی بۆسەر نوێژخوێنە فەلەستینییەکان ٢٣ کەس کوژران و سەدانی کەسی تر بریندار بوون. هەڵبەت ئەوانەی وا سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی وتووێژەکان تەبلیغاتێکی بەرینیان خستبووە ڕێ، هیچ بەلایانەوە گرینگ نەبوو. دواتریش لە وتووێژەکانی “کەمپی دەیوید” لە ساڵی ٢٠٠٠ و یان تەنانەت لە گەڵاڵەی ئاشتیی وڵاتانی عەرەبی لە ساڵی ٢٠٠٢ی زایینی، هیچ کات دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل تەمایولێکی بۆ کۆتایی هێنان بەم تراژێدییە خوێنبارە لەخۆی نیشان نەدا. ئەوان لە هەموو ئەم ساڵانەدا بەپێچەوانەی بەڵێنەکانیان لە دانوستانی “ئۆسلۆ” و دواتر “کەمپی دەیوید” و تەنانەت بەپێچەوانەی بڕیارنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەڕانەوە بۆ سنوورەکانی پێش شەڕی شەش ڕۆژە، بەردەوام گوندە یەهوودینشینەکانیان پەرەپێداوە. لە سەردەمی ڕێکەوتنی “ئۆسلۆ”دا تەنها سەد و یازدە هەزار کەسی یەهوودی لە ناوچە داگیرکراوەکانی دوای شەڕی شەش ڕۆژە جێگیر کرابوون. بەڵام لەئێستادا ژمارەی یەهودییە گوندنشینەکان لە کەرتی ڕۆژئاوای ڕووباری ئۆردۆن نزیک بە ٥٠٠ هەزار کەس و لە ئۆرشەلیمی ڕۆژهەڵات گەیشتووەتە نزیک ٢٥٠ هەزار کەس.
ئێستا ئیتر بە هیچ فریوکارییەک ئەو ڕاستییە حاشای لێناکرێ کە لە ساڵەکانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ەوە، شەڕێکی بەتەواو مانا دژبە خەڵکی فەلەستین لەئارادا بووە. ئێستا ئیتر ئامانجی ئاشکرا و نهێنیی نەتانیاهۆ داگیرکردنی هەموو ئەو ناوچانەیە کە لە جەریانی شەڕی شەش ڕۆژەدا لە ساڵی شەست و حەوتی زایینییەوە دەستی بەسەردا گرتوون. ئەم بابەتەش بێگومان بە لەنابردن و بە ئاوارەکردنی خەڵکی ئەم ناوچانە بەکردەوە دەردێت. وەزیری کابینەکەی نەتانیاهۆ “بن گویر” دامەزرێنەری حیزبی ئۆڵترا ڕاستی “دەسەڵاتی یەهودی” بەئاشکرا فەرمانی کوشتنی خەڵکی فەلەستین لە ئاستی “دەیان و سەدان و هەزاران کەسی” دەردەکات.
لەڕاستیدا ئەوەیکە نوێنەری ئیمپریالیسمی ئەمریکا لە جەریانی بڕیارنامەی چەند ڕۆژی ڕابردوو بەیانی کرد شتێک نەبوو بێجگەلە ڕاگەیاندنی پشتیوانی لە دەوڵەتێکی سەرکوتگەر و ئاشکراکردنی ناوەرۆکی دژەئینسانیی ئەم پشتیوانییە. لە وەها بارودۆخێکدا بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی فەلەستین ڕێگایەک بێجگەلە یەکگرتن و هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و هێزە ئازادیخواز و ڕەوتە شۆڕشگێڕەکان لە ئیسرائیل و ڕاکێشانی پشتیوانیی هێزە پێشکەوتنخوازەکان لەئاستی جیهانی بەئامانجی بەهێز کردنی خەبات دژبە ڕژیمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و دوورخستنەوەی جەریاناتی کۆنەپەرستی مەزهەبی بوونی نییە. پێویستە بە حمایەت و تەقویەتیی هێزی هاوپشتیی جیهانی لەگەڵ خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خەباتی مافخوازانە و ئازادیبەخشی ئەم نەتەوە ستەمدیدەیە بگۆڕدرێت. نابێ ڕێگە بدرێت ئاوات و هیواکانی نەتەوەیەک بۆ ڕزگاری لە چنگ دەسەڵاتێکی ڕەگەزپەرست و داگیرکەردا لەناوبچێت.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە