هاشم ساعدی، باوکی سارینا ساعدی خەڵکی شاری سنە و ئەندامی بنەماڵەی دادخوازەکانی کوردستان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی شاری بۆکان، بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی”، سزای ٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردن و هەروەها لێدانی ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپاوە. ئەو سزایە ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی پووشپەڕ پێی ڕاگەیەندراوە. ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ١٩ی جۆزەردانی ئەمساڵ، ئەو باوکە دادخوازە هاوکات لەگەڵ کۆمەڵێک لە بنەماڵەی گیانبەختکردووانی ئاخێزی جەماوەریی شارەکانی سنە، دیواندەرە و دێولان کە سەردانی گڵکۆی گیانبەختکردووانی شارەکانی سەقز و بۆکانیان کردبوو، لە کاتی گەڕانەوەیاندا لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کران و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری بۆکان گواسترانەوە. ئەو هاووڵاتییە دواجار ڕۆژی هەینی، ٢٦ی جۆزەردان بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ئازاد بوو. شایانی باسە کە هاشم ساعدی لە کاتی دەستبەسەربوونیدا، لە مافە سەرەتاییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەرێکی دیاریکراو و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە. کچێکی هاشم ساعدی، بە ناوی سارینا ساعدی و تەمەن ١٦ ساڵ، ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژینا” لە شاری سنە بە لێدانی چەندین باتۆم لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیەوە کە لە سەری ناوبراو درابوو، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی “تەوحید”ی ئەم شارە گیانی بەخت کرد.